لە چوارچێوەی کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی عێراق و باشوری کوردستان، گەنجان لە کەرکوک سەرەڕای قەدەغەکانی دوای ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کە هێشتاش بەردەوامە، شەش هەزار واژۆیان کۆکردووەتەوە.
گەنجان لە گەڕەکەکانی؛ ئیمام قاسم، شۆرجە، ڕەحیماوا، پەنجە عەلی، ئیسکان و حوڕیە، واژۆیان کۆکردووەتەوە و خەڵکیش بە گەرمی پێشوازییان لە کەمپەینەکە کردووەتەوە، پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، تورکمان و کرستیان بەشداری کەمپەینەکە بوون و واژۆیان کردووە و بە گەنجانیان وتووە:”بۆ ئەوەی میت لە کەرکوک دەربکرێت کەمپەینێک دەستپێبکەن، کەرکوک دڵی کوردستانە، لەدژی داگیرکاریی تورک دەوەستێتەوە، کەرکوک فرۆشرا بەڵام هەر کوردستانییە”.
ئامەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی وڵاتپارێزی کەرکوک دەڵێت: لە کۆڵان و شەقامەکان بۆ دەرکردنی سوپای تورک شەش هەزار واژۆمان کۆکردەوە، هەڵوێستی خەڵک بەرامبەر کەمپەینەکە زۆر باش بوو، بە گەرمی پێشوازیی و واژۆیان کرد، ئاماژەشی بەوەداوە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی واژۆ کۆکردنەوەکان ئاستتەنگییان بۆ گەنجان دروستکردووە.
گەنجێک بەناوی زاگروس خالید دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ دروستکردنی دەسەڵاتداریی خۆی خاکی باشوری کوردستان بۆردوومان دەکات، وەک گەنجانی کەرکوک هەڵوێستی خۆمان دژی هێرشەکان نیشانداوە، داواش لە هەموو گەنجان دەکەم دژی دەسەڵات و داگیرکاریی تورک پێکەوە چالاکی بەڕێوە ببەن.
گەنجێکی دیکە بە ناوی ئاری گەرمیانی دەڵێت: دەوڵەتی تورک بە پیلانە داگیرکارانەکانی دەیەوێت عوسمانیی نوێ دروست بکات، وەک گەنجانی وڵاتپارێز، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکان کەمپەینەکەمان دەستپێکردووە، تا هێرشەکان ڕابگیرێن وەک گەنجانی باشور داوامان لە خەڵک ئەوەیە کە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەستنە سەرپێ.
س.ح