سەرەڕای هەبوونی مۆڵەت ڕێپێوانی گەنجان ئاستتەنگ کرا

گەنجان ویستیان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک گردبنەوە، مۆڵەتیشیان لە پارێزگاری و ئاسایشی سلێمانی وەرگرتبوو، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا، بۆیە گەنجان لە ناوەندەکەیان ئەو ئاستتەنگییەیان شەرمەزار کرد.


دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوری کوردستان، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بڕیاربوو دوێنێ گردبوونەوەیەک بەڕێوەببەن و ڕێپێوانێک ئەنجام بدەن، بەپێی قسەی بەڕێوبەرانیان، ئەوان مۆڵەتیشیان بۆ ئەوکارە لە پارێزگاری سلێمانی و ئاسایش وەرگرتووە لە سەرەتادا.

بەپێی ئەو مۆڵەتەی وەریانگرتبوو، گەنجان بڕیاربوو دوێنێ کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە لە پارکی نالی شاری سلێمانی چالاکییەک بەڕێوەببەن، بەڵام هەر لەو کاتەدا هێزەکانی ئاسایش پارکەکەیان گەمارۆدا و ڕێگەیان نەدا لێدوانەکە بدرێت.

بەهۆی ئاستتەنگییەوە، ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بەبەشداری ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی، تەڤگەری ژنانی ئازاد و هەرێم مەحمود کە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجالان ٩٢ ڕۆژ بە شێوەی بێسنوور مانی لەخواردن گرتبوو، لە ناوەندی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزهەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.

هیوا کەرکوکی لێدوانەکەی خوێندەوە، تێیدا هاتبوو: ئێمە وەک گەنجان بڕیارمان دابوو ئەمڕۆ ڕێپێوانێک ئەنجام بدەین بۆ شەرمەزارکردنی ئەو ئاڵۆزیانەی لە کەرکوک دروست دەکرێت و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خواکورک، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتیشمان لە ئاسایش وەرگرتبوو، ڕێپێوانەکەمان لەلایەن ئاسایشەوە ئاستتەنگ کرا، بەبی هیچ بەڵگە و نووسراوێک.

لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا کەرکوکی، وتی: هەروەک دەزانرێت گەلەکەمان ڕووبەڕووی هێرشێکی قورس بووەتەوە، ئایا یەکێتی کەرکوکی لا پیرۆزە و وەک قودس دەیبینێت؟ بەڵام لە بەرامبەر ئاڵۆزی دروستکردن لە کەرکوک، دەرکردنی کوردەکان و بەجێیکردنی عەرەبەکان لە شوێنیان و سووتاندنی زەویوزارەکانیان بێدەنگ دەبێت، هەروەها ئەو چالاکییانەش بۆ شەرمەزارکردنی ئەنجام دەدرێت ئاستتەنگ دەکات، چالاکیی ئێمە دژی داگیرکاری بوو، ئاستتەنگکردنی ئەم ڕێپێوانە نائەخلاقییە و ئێمە شەرمەزاری دەکەین.

دوای ئەوە هەرێم مەحمود-یش  قسەیکرد و، وتی: ئەمڕۆ بۆ بەشداریکردن لە چالاکیی گەنجان هاتبووین، ئێمە هێرشە داگیرکاریەکان شەرمەزار دەکەین، بەڵام نەیانهێشت ڕێپێوانەکە ئەنجام بدرێت، ئەوان لەبەرەی دوژمنن، ئەوە ٢٧ ساڵە بە پلانی دوژمن دەجۆڵێنەوە، دەیانەوێت گەلەکەمان تەسلیمی داگیرکەران بکەن، بەڵام ئێمە وەک خەڵکی باشوری کوردستان، هەمیشە لەناو تێکۆشان دەبین.

س.ح