هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ڕایگەیاند، هاکان فیدان، ڕاوێژکاری میتی تورک داوای لێکردووە شوێنی ڕێبەر ئۆجالان بگرێتەوە، بەڵام ئەو داواکەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت:”ئۆجالان خاوەن هێز و قورساییەکە، کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات”.
ئەمڕۆش لە دادگای ئەنقەرە دانیشتنێکی دیکەی دادگا لەسەر دۆزی کۆبانێ بەڕێوەچوو، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لەڕێگەی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە بەشداریی لە دانیشتنەکەدا کرد و وتارێکی پێشکەشکرد.
دەمیرتاش لە وتارەکەیدا ئاشکرایکرد:”هاکان فیدان، ڕاوێژکاری میت داوای لێکردووم پێکەوە کۆببینەوە، بەڵام با چاوەڕوان نەبن کە ئێمە هەنگاو بۆ دواوە بنێین و خۆمان ڕادەست بکەین”.
وتیشی:”[بەرپرسانی میت] بە منیان وت بڕۆ شوێنەکەی ئۆجالان، بەڵام من ئەو پێشنیازەم ڕەتکردەوە، ئێمە ئێمەین، ئۆجالانیش ئۆجالانە، ئۆجالان خاوەن هێز و قورساییەکە، کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئێمەش لە پەرلەمان کارەکتەری چارەسەریین”.
دوێنێش سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد، ڕێگای پێبدەن لەڕێگەی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ئەنجام بدات.
ب.ل