سەلام عەبدولکەریم: سەرەتای مەرگی ئاکەپە دەستیپێکردووە

سەلام عەبدولکەریم مامۆستای زانکۆ لابردنی سەرۆک شارەوانییە شەرعییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپە دانانی خۆسەپێنەر لەلایەن ئاکەپەوە بە ئەتککردنی دیموکراسیی ناودەبات و دەڵێت: سەرەتای مەرگی ئاکەپە لەناوخۆوە دەستیپێکردووە و ئەم بتە سیاسیی ‌و بەناو ئاینییەش دەكەوێت.


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک هەریەک لە بەدیعە ئۆزگۆکچەئەرتان هاوسەرۆکی شارەوانیی وان، ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین و سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد-ی لەکاردوورخستەوە و لە شوێنمی ئەوان خۆسەپێنەر (قەیوم)ی دانا، لەوبارەیەوە د.سەلام عەبدولکەریم مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە.

د.سەلام عەبدولکەریم، "لابردنی سەرۆك شارەوانیە شەرعییە هەڵبژێرداوەكانی هەدەپە‌ و دانانی قەیوم لەلایەن ئەردۆغان‌ و ئاکەپەوە" بە بەردەوامیی ئەتککردنی دیموکراسیی لەلایەن ئەردۆغان و ئاکەپەوە ناودەبات، پرسیاریش دەکات "ئایا قەیوم تەنها سەرۆك شارەوانیە كوردیەكان دەگرێتەوە یا ئەوانەی جەهەپەش؟".

سەلام عەبدولکەریم، هەروەها نووسیوێتی: فاشیزمی ئەردۆغان و ئاکەپە درێژەی هەیە و تا دێت تیۆریزەتر دەکرێت، بەم ڕەفتارەش هێندەی تر ڕووی خۆیان ‌و دیموكراسییە ساختەكشەیان ڕەشتر كرد.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، پێیوایە فاشیزمی تورکی لە مەرگ نزیکبووەتەوە و نووسیوێتی:"سەرەتاكانی مەرگی ئەمجۆرە لە فاشیزمی توركی لە بەرگی ئایندا لەناوخۆی ئاكەپەوە دەستیپێكردووە‌ و ئەحمەد داودئۆغلو ‌و عەلی باباجان یەكەم بزماریان لەتابووتی ئەو فاشیزمەدا‌، لەداهاتووشدا پشت بەخوا ئەم بتە سیاسییە ‌و بەناو ئاینیەش دەكەوێت".

ش.ف