سەمیر دەروێش کاندیدی پادێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە شەنگال لە بواری پەروەردەدا خزمەتی بە کۆمەڵگای ئێزدی کردووە دەڵێت:”بۆ ئەوەی گەلەکەمان جارێکی دیکە تووشی فەرمان نەبێت، لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا بۆ مافی خۆبەڕێوەبەریی تێدەکۆشم.”
پادێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەمیر دەروێشی کاندید کردووە، دەروێش لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٩ی شەنگال و دەرچووی زانکۆی موسڵە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەکو بەرپرسی خوێندنگەی کۆمەڵگای بۆرک لە شەنگال، خەباتی بۆ کۆمەڵگا کردووە و دەیەوێت بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کۆمەڵگای ئێزدی، لە ئەنجومەنی نوێنەراندا. درێژە بە خەبات بدات.
دەروێش لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقیشدا لەلایەن پادێ-وە وەکو کاندید بۆ کۆتای ئێزدییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لەو کاتە ئێزدییەکان تازە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ شەنگال کردبوو، زۆربەیان لە ژێر فشارەکانی پەدەکە لە باشووری کوردستاندا دەژیان؛ پادێ نەیتوانی کاندیدەکەی بگەیەنێتە ئەنجوومەنی نوێنەران.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، پادێ جارێکی دیکە سەمیر دەروێشی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاندید کردووە، سەمیر دەروێش سەبارەت بە پڕۆژەکانی پادێ بۆ شەنگال بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد.
‘گەل بە دەنگدان کردیانم بە کاندید‘
دەروێش لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە پرۆسەی دەستنیشانکردنی، وتی ئەو لە ناو سێ کاندیدەوە و لە دوو قۆناغدا بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە تا ببێتە کاندیدی ئەم هەڵبژاردنە و سەرەڕای دەربڕینی ڕێز و خۆشەویستیی بۆ خەڵک؛ جارێکی دیکە بەڵێنەکانی دووپات کردەوە.
دەروێش ئاشکرای کرد، کە لە ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ بەگومانە و پێوایە لەو هەڵبژاردنەدا بەهۆی ساختەکارییەوە نەیتوانیوە سەربکەوێت.
‘کاندیدی کۆتا نییە، کاندیدی گشتییە‘
سەمیر دەروێش، تیشک دەخاتە سەر جیاوازیی نێوان هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ و ئەم هەڵبژاردنە و سەبارەت بە شێوازی دەنگدانەکە هەندێک زانیاریی خستە ڕوو و وتی:”بازنەی هەڵبژاردنەکە دروست کراوە، هەر ناوچەیەک بازنەیەکی هەیە، ئێمە وەکو شەنگال لە بازنەی سێیەمداین و ئەمجارە نەچووینەتە کۆتایش، چووینەتە گشتیی.”
‘پێویست بوو یەک کەس ببوایەتە کاندیدی کۆتا‘
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا حەوت کاندید لەسەر ناوی ئێزدییەکان ناوی خۆیان لە کۆتای ئێزدیان تۆمار کردووە، دەروێش لەسەر ئەم بابەتەش هەڵسەنگاندنی کرد و وتی ناونووسینی حەوت کاندید دەنگی ئێزدییان پارچە دەکات و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکاتیدا:”پێویست بوو تەنیا یەک کەسی ئێزدی بۆ کۆتا هەڵبژێردرابایە و لایەنە سیاسییەکان وازیان لە کۆتا بهێنایە، بەڵام هەر پارتێک دەیەوێت کۆتا بەدەست بێنێت.”
‘هێزە سیاسییەکان نایانەوێت ئێزدییەکان یەکگرن‘
سەمیر دەروێش دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پارچەبوونە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکیان داوە و چەند چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە، بەڵام پێشنیارەکانی پادێ قبوڵ نەکراوە و هۆکارەکەی بەم شێوەیە لێکدەداتەوە:”لەبەر ئەوەی کە هەر پارتێکی ئێزدییەکان لەژێر کاریگەری لایەنێک یان شوێنێکدایە، ئەو لایەنانە ڕێگە نادەن ئێزدییەکان یەکگرن”.
‘کار لەپێناو ناساندنی هێزی جەوهەریی دەکەین‘
سەمیر دەروێش لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە وتی هیچ ئاماژەیەک بۆ دواخرانی ئەو هەڵبژاردنە نابینێت و هەروەها سەبارەت بە بەرنامەی سیاسی پادێ ئاماژەی بەو کرد، کە پلانی سەرەکییان ئەوەیە لەسەر فەرمانەکە کار بکەن تا کۆمەڵکوژییەکە بەفەرمی بناسرێت و ئەوانەی کە هۆکاری فەرمانەکە بوون، دادگایی بکرێن، دەروێش هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ئەوەی گەلەکەمان جارێکی دیکە تووشی فەرمان نەبێت، هەوڵ دەدەن هێزی جەوهەریی شەنگال لەلایەن عێراقەوە بە فەرمی بناسرێت.
ش.ف