لە مەراسیمێکدا بۆ یادی ۱٢٤مین ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی، کەمووکورتییەکانی میدیای کوردی خرایەڕوو و باس لەوەکرا، دوای۱٢٤ ساڵ زمانی میدیای کوردی پەرت بووە و میدیای کوردی قەیرانی کوالێتی هەیە.
ڕێکخراوی سی دی ئۆ و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، لە بارەگای ڕێکخراوی سی دی ئۆ، لەشاری سلێمانی مەراسیمێکیان ڕێکخست بەبۆنەی ۱٢٤مین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی .
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان وتاری هاوبەشی مەراسیمەکەی پێشکەشکرد وتی : بە کۆمەڵێک ڕەخنە لەخۆمان دەستپێدەکەم پێش ئەوەی ئاراستەمان بکرێت، لەدوای ۱٢٤ساڵ هێشتا ستراتیژییەتی میدیای کوردیمان تانوپۆ نەکردووە و هیچ سیمایەکمان پێنەداوە ، بەفەرمی زیاتر لە ۱٥۰۰دەزگای میدیایی ڕێگەپێدراومان هەیە لە هەرێمی کوردستان، وەک ژمارە کێشەمان نییە بەڵام کێشە و قەیرانی کوالێتیمان هەیە و توانای گەیاندنی پەیاممان نییە.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەوەی لە سۆشیال میدیای کوردی دەگوزەرێت میدیا نییە و کێشەی بۆ میدیای ڕەسەن دروستکردووە و گیرمان خواردووە بەدەستییەوە، ئێستا لە قۆناغی پێداچوونەوە و گێڕانەوەی میدیای کوردین بۆ ئاستەکەی خۆی، هەروەها چەوساندنەوەیەکی زۆر هەیە بەرامبەر میدیاکاران لە دەزگاکاندا بەتایبەتی بەرامبەر ژنان، سەندیکای ڕۆژنامەنوسیش نەیتوانیوە ببێتە مەرجەعی ڕۆژنامەنوسان و بەرگری لە میدیاکاران بکات، زمانی میدیا ئەمڕۆ بووە بە زمانی گەڕەک، دوای ۱٢٤ساڵ میدیا زمانەکەی پەرت بووە.
دواتر لە مەراسیمەکەدا پانێڵێک سازکرا و تێیدا گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتیک کرا کە پێکهاتبوون لە “یاسای کاری ڕۆژنامەگەریی و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی” لەلایەن حاکم فەرهاد حاتەم-ەوە پێشکەشکرا، دواتر بابەتی “ڕۆژنامەنوسانی دەرەوەی کەناڵەکان لەنێوان کاری قورس و ئاستەنگییەکان لە ئەزموونی چەند ساڵەوە” پێشکەشکرا لەلایەن هەوراز ئەحمەد ڕۆژنامەنوس، هەروەها “تاوانەکانی بڵاوکردنەوە جۆر و ڕێکارەکانی” لەلایەن کارزان محەمەد، پرۆفیسۆری یاریدەدەرەوە پێشکەشکرا، لە کۆتایشدا “بنەمای ئاکار پێداویستییەک بۆ کەناڵەکانی ئەمڕۆ” لەلایەن هانا شوان ڕۆژنامەنوسەوە پێشکەشکرا.
ها-غ