سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئیدانەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەکات

لیژنەی داکۆکیی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئیدانەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەکات لە ڕەشبگیرییەکەی شاری سلێمانی.


ئەمڕۆ لیژنەی داکۆکیی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕەشبگیرییەکەی دوێنێی سلێمانی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە، کە لەناو ئەو کەسانەی دوێنێ لە سلێمانی دەستگیرکران سێ ڕۆژنامەنووس بەناوەکانی (سەڵاح خدر و بێریڤان محەمەد و کەلسوم حسێن) هەن و ئیدانەی دەستگیرکردنیان دەکەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"دەستگیرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بەبێ ئاگادارکردنەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پێشێلکردنی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35 ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستانە و ناکرێت کاری ڕۆژنامەنووسیی تێکەڵ بە کاری سیاسەت بکرێت و داوای هەرچی زوتر ئازادبوونیان لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین".

جێگای ئاماژەیە، بێریڤان محەمەد، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی و کەلسوم حسێن، پێشکەشکاری ئاریەن تی ڤی ئازادکراون، بەڵام هێشتا سەلاح خدر ئازاد نەکراوە و لە زینداندایە.

ش.ف