ڕۆژنیوز – بڕوا ئەسعەد
بەرپرسێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت، هەرێمى کوردستان ژینگەیەکی تەندروست نیە بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسی ژن فۆرمی نوێی پێشێلکارییەکانە، کە زۆر جار ناتوانن باسیکەن، نەقیبی لقی سلێمانی سەندیکاکەش ئاماژە بەوەدەکات: بەشێک لە هێزە ئەمنیەکانی کوردستان خولی چۆنێتى مامەڵەکردنیان نەبینیوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان .
ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، ١٨٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.
لەبارەی دۆخی ڕۆژنامەنووسانەوە، نەزاکەت حسێن، ئەندامی لیژنەی داکۆکییکردن لە ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت:”بە هەموو ئەو داتایەنەی خستوومانەتە ڕوو، لە ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم ڕازیی نین، چونکە ژینگەیەکی سەلامەت و تەندروست و لە ئاستى پێویستدا نیە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی”.
وتیشی:”ڕۆژنامەوان سەرباری ئەوەی کێشەی مووچەی هەیە لە ناو دەزگاکەی، لە هەمانکاتدا لە دەرەوەی دەزگاکەشی ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبێتەوە”.
نەزاکەت حسێن، ئاماژەی بە جۆری نوێی پێشێلکاریی کرد، کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن و وتی:”ئێمە لە بەدواداچونەکانمادا دەبینین پێشێلکایری لە فۆڕمی نوێدا بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، کە زۆرکات ناتوانن باسی بکەن، لەوانەش گێچەڵکردن، هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسى ژن، بڕینی موچە و جیاکارییکردن لەناو دەزگاکاندا، ئێمە هەموو ساڵێک بەدواچون لەوبارەوە دەکەین”.

ئەو ئەندامەى لیژنەی داکۆکییکردن لە ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان، وتی:”ئەوە یەكێکە لەو فۆڕمە نەخوازراوانەی، سەرباری ئەوەی ڕۆژنامەنووس لێی دەدرێت، پێداویستییە ڕۆژنامەوانییەکانىشی دەشکێندرێت و دەستی بە سەردا دەگیرێت”.
هەروەها، کاروان ئەنوەر نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان – لقى سلێمانی لەبارەى ئەنجامدانى پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند:”لەکاتی پشێوییەکاندا تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێ، چونکە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی کوردستان خولی چۆنێتى مامەڵەکردنیان نەبینیوە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان”.

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان – لقى سلێمانی سەبارەت بە کەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز، کە لە ڕۆژى ٢٤ – ١١ – ٢٠٢١ لە میانى ڕووماڵى خۆپیشاندانى خوێندکاران بۆ داواکردنى دەرماڵە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستى بە سەردا گیرا و هەتا ئێستاش نەدراونەتەوە، وتی:”بەردەوام لە سەر هێڵم و هیوادارم وەری بگرنەوە، کە دڵنیاشم وەری دەگرنەوە”.
پێشتر ڕۆژنیوز بەفەرمیی سەردانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی کرد و لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانییەوە بەڵێنی پێدرا کە کەلوپەلەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، بەڵام تاکو ئێستا کەلوپەلەکانیان بۆ نەگەڕێندراوەتەوە.
ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بریتین لە؛ کامێرایەکی جۆری سۆنی ڤیدیۆ، کامێرایەکی جۆری نیکۆنی فۆتۆ، ڕیسیڤەرێکی دەنگ، دوو مۆبایل، باجی ئاژانسی ڕۆژنیوز و مۆڵەتی شۆفێریی و باجی سەندیکای وێنەگرانی هەرێمی کوردستان، سویچی ئۆتۆمبێل و چەندین کەلوپەلی دیکەی شەخسیی.
ئ.م