سەیدسادق، بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر چەند چالاكییەك بەڕێوەچوو

لەدرێژەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەشارۆچكەی سەیدسادق چەند چالاكیەك بەڕێوەچوو.


چالاكییەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری شارۆچكەی سەیدسادق-ەوە ئامادەكرابوو، تێیدا پێشانگایەكی وێنەیی وێنەگرانی جیهان، تایبەت بەتوندوتیژی دژی ژنان لەسەر پردی ناوبازاڕ كرایەوە، هەروەها ئاهەنگی گۆرانی و میوزیك، لەگەڵ نمایشكردنی دوو كورتە فیلم تایبەت بەو ڕۆژە.

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ كورتە فیلمەكان نمایشبكرێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی ئامادەكارییەكانەوە بۆ سبەی دواخرا‌.

ئازاد سەوزە بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سەیدسادق بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ساڵڕۆژی٢٥ی نۆڤەمبەردا هەوڵدەدەین ئەو چالاكیانە نمایشبكەین كەتایبەتن بە ڕووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

وتیشی: لەچالاكیەكەماندا پێشانگایەكی فۆتۆگرافەرانی جیهانیمان نمایشكرد، بۆخستنەڕووی ئازارەكانی ژنان لەناو بازاڕی سەیدسادق، هەروەها بانگەوازی نابۆتوندتیژی دژی ژنانمان دەوتەوە، لەگەڵ دابەشكردنی پروشەر بۆ هۆشیاركردنەوەی زیاتری هاوڵاتیان بەمەبەستی كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان دژی ژنان، چونكە ژیان بەپێكەوەیی خۆش و جوانە.

لە درێژەی چالاکیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە شارۆچکەی سەیدسادق، وابڕیارە بەیانی دوو فیلمی كورت نمایش بکرێت، یەكەمیان بەناوی ڕوسەریەكەم بابردی، نوسین و دەرهێنانی  بەتینی قوبادییە، تێیدا باس لەجۆرێك لەبەد حاڵی بوون دەكات، لەبونی لەچك كردن لەلایەن ژنانەوە، كەژنان تاڕادەیەك دەتوانن باڵاپۆش بن، نابێت توندوتیژییان بەرامبەر بكرێت بەڵكو دەبێت ڕێنمایی بكرێن، فیلمی دووەمیشیان ناوی سۆمایە دەرهێنانی مەریوان ئیبراهیمە، چیرۆکی فیلمەکە، باس لەخۆشەویستی ژن و پیاوێك دەكات، ژیان بەناو تەنگەبەریی ناخۆشدا دەیانبات، بەڵام لەكۆتایدا دەتوانن بەو ئامانجە بگەن خۆیان دەیانەوێت.

ب.ش