سەیدسادق، خەڵاتدرا بە ژنێك کە لە ٤٣ ساڵیدا خۆی فێری خوێندەواری کردووە

لەڕۆژی جیهانی كتێبدا لە سەیدسادق، چەند چالاکییەکی تایبەت بەو ڕۆژە بەڕێوەچوو، خەڵاتیش بەخشرایە ژنێك کە لەتەمەنی ٤٣ ساڵیدا خۆی فێری خوێندەواری و کتێب خوێندنەوە کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە لەشارۆچكەی سەیدسادق، لەڕۆژی جیهانی كتێبدا، كتێبخانەی بێخود كە ناوەندێكی ڕۆشنبیرییە، بەهاوبەشی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارۆچکەکە چەند چالاکییەکییەکیان ڕێکخست.

لەبارەی چالاکییەکانەوە بێرون عوسمان، بەڕێوەبەری كتێبخانەی بێخود، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەمساڵ چالاکییەکانمان تایبەت كرد بە قوتابخانە ئامادەییەكانی سەیدسادق و تێیدا خوێندکاران لەبوارەكانی شیعر، شانۆ، نوسین بەهرەکانیان خستە ڕوو، هاوکات بەشێکی چالاکییەکانیش تایبەت بوو بە پێشانگایەکی کاری دەستی کە خوێندکاران لەو مەوادانەی خەڵك فڕێدەدات کەلوپەلی جوان و سەرنج ڕاکێشیان لێ درووست کردبوو نمایشیانکرد.

وتیشی: خەڵاتی ڕێزلێنانمان بەخشییە ژنێك كەخوێندەواریی نەبوو، بەڵام بەهەوڵ و ماندوبوونی خۆی توانی لەتەمەنی ٤٣ ساڵیدا خۆی فێری خوێندەواری بكات و كتێب بخوێنێتەوە، هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنانیش بەخشرایە پیاوێك کە هەموو ڕۆژێك دوو منداڵە كەمئەندامەكەی بە یەك عارەبانەی كەمئەندامی دەبات بۆ قوتابخانە.

نەهێ‌ ئەحمەد، ئەو ژنەی خۆی فێری خوێندەواری كردووە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کردو وتی: لەتەمەنی ٤٣ ساڵیدا خوێندنگای تایبەت بە خوێندنی گەورەمان بۆ كرایەوە بەهەوڵ و ماندوبونێكی زۆر توانیم بە ماوەی پێنج ساڵ خۆم فێری خوێندەواری بکەم.

وتیشی: ئێستا توانایی خوێندنەوەم زۆرباشە شتەكان دەخوێنمەوە دەشنوسم پێویستم بەهاوكاری كەس نیە، ئەمڕۆش لەڕۆژی جیهانی كتێبدا خەڵاتی ڕێزلێنانم پێ‌بەخشرا.

ک.س