سەیدسادق؛ یادی چنار و هێمن بەرز ڕاگیرا

لە سەیدسادق، یادی چنار و هێمن بەرز ڕاگیرا، ئەو دوو خوێندکارە منداڵەی کە لە ڕێگەی گەڕانەوەیاندا لە قوتابخانەوە بۆ ماڵەوە ٢٨ ساڵ لەمەوبەر ڕەقبوونەوە.


ساڵانەو لەم رۆژەدا، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق مەراسیمێك بۆ گیانی ئەو دوو خوێندکارە لاوە سازدەکات و چەند چالاکییەک بەو بۆنەیەوە ئەنجامدەدات.

چنار و هێمن خەڵكی گوندی (برایم غوڵام) بوون لە سنوری شارەدێی قادركەرەم لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ، لە پاش كۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١ ڕوودەكەنە سەیدسادق و لە ئۆردوگای شانەیەری نیشتەجێ دەبن.

چنار تەمەنی ١٠ ساڵ و لە پۆلی چواری سەرەتای دەبێت، هێمنیش تەمەنی حەوت ساڵ و لەپۆلی یەكەمی بنەڕەتی دەبێت، لە قوتابخانەی سورێن لە شارۆچكەی سەیدسادق دەخرێنەبەر خوێندن.

ناسیح عەلی، باوکی چنارو هێمن، کەوتووەتەبەر شاڵاوی ئەنفالی بەعس و دایكیشیان لە ژیاندا ماوە و ئێستا لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێییە.

ئەم خوشک و برایە ڕۆژانە چەندین كیلۆمەتر ڕێگایان بەپێ دەبڕی بۆ گەیشتنیان بە قوتابخانە، لە ئێوارەیەکی بەفرو کڕێوەدا دروست لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٧/١/١٩٩٢) لە كاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانەوە بۆ ماڵ، ڕێگایان لێ بزر دەبێ و لە دەشتێکدا مەرگ دەبێتە میوانیان و بەوجۆرە لە باوەشی یەکدا بەفر دوایین هەناسەی ژیانیان لێ دەسێنێتەوە.

لەنزیک ناوەندی شارۆچکەی سەیدسادق، پەیكەرێك بۆ چنار و هێمن دروستکراوە، چیرۆکی مردنەکەیان هێندە تراژیدی بووە، ئەو کەسەی تەرمەکانی لەناو بەفرەکەدا دۆزیوەتەوە، دوو منداڵی خۆی ناوناوە چنار و هێمن.

دلێر قادر، پورزای چنار و هێمن، بە حەسرەتەوە باس لە ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت، چیرۆکی مەرگی چنارو هێمن تەنها برینێک نییە لەسەر دڵی کەسوکارەکەیان، بەڵکو ڕووداوەکە تێکەڵ بە یادەوەری خەڵکی سەیدسادقیش بووە و بە ئاسانی لە دڵیاندا ناسڕدرێتەوە.

دلێر داواکارە یادەكە بۆ ساڵانی ئاییندە بكرێتە كۆنفرانس و پانێڵی زانستی، وەزارەتی پەروەردەش چیرۆکی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بخاتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە، چونکە بەوتەی خۆی لە ڕێگەی پەروەردەو فێرکردندا گیانی خۆیان بەختکردووە.

لەمەراسیمەكەدا سۆران مەحمود، بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق ڕایگەیاند، بە ئەرکی خۆیانی دەزانن ساڵانە ئەم یادە بکەنەوە و وەک سیمبوولی خوێندن و خوێندەواری لەشارەكەدا بەرزی ڕادەگرن، بە پێویستیشی دەزانێت بۆ ساڵی ئاییندە بە فێستیڤاڵێک یادەکە بکەنەوە.

لە دوای ٢٨ ساڵ لە ڕووداوەکە، هێشتا کێشەی هاتوچۆ و ڕێگاوبان و پەروەردە بەرۆکی قەزاکەی بەرنەداوە، زۆرێک لە خوێندنگاکان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت، جگە لەوەی زۆربەی بینای قوتابخانەکان کۆنن و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

ک.س