هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێران چالاکێکی کلتوریی خەڵکی شابادیان دەستگیرکرد، ٢٣ی ئەم مانگەش ژنە چالاکوانێکیان دەستگیرکردبوو.
دوێنێ چالاکوانێکی کلتوری لە شاری شابادی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دوێنێ هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “داریوش مورادی” چالاکوانی کلتوری لە شاری شاباد.
بە وتەی سەرچاوەکە، هێزە ئەمنییەکان دوای پشکنینی ماڵەکە و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلی ئەو چالاکوانە، بە پیشاندانی حوکمی داواکاری دەسەڵات لە شاری شاباد، داریوش مورادی’ـیان دەستگیرکردووە و بردوویانە بۆ شوێةێک نادیار.
سەرچاوەکە باس لەوە دەکات کە مورادی ئێوارەی دوێنێ لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بۆ بنەماڵکەکەی، داوای وەرگرتنی پارێزەری کردووە و ئاشکرایکردووە کە لەلایەن ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراوە.
جێگای ئاماژەیە، تا ئێستا ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو چالاکوانەوە دیار نییە و ڕوون نەبووەتەوە کە لە کوێ ڕادەگیرێت.
شایەنی باسە، ٢٣ی ئەم مانگەش، “ئانیسا جەعفەری مێهر”ژنە چالاکوانی خەڵکی شاباد، دوای هەڵکوتانەسەر ماڵەکەیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکراوە.
ب.ک