شارەزایەکى هەڵبژاردن: ئەگەری دووبارەکردنەوەى دەنگدان هەیە

شارەزایەکى بوارى هەڵبژاردن، دەڵێت، کە دووبارەکردنەوەی دەنگدان ئەگەرێکە، بەڵام ژمارەدنەوەی دەنگەکان بە دەست ئەگەرێکی بەهێزە.


ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ناڕەزایى هەندێک لایەنى عێراقى و کوردستانیى لێکەوتەوە و ناڕەزایەتیەکانیش بووە هۆى ئەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەموارى یاساى هەڵبژاردن بکاتەوە و بەگوێرەى یاساکە دەبێت دەنگەکان بەدەست هەژمار بکرێتەوە، ئەمەش ناڕەزایی لایەنە براوەکانی هەڵبژرادنی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەوبارەیەوە، هەڵشۆ فەتاح، ئەندامی پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن، بە ڕۆژنیوزى وت:" لە ڕۆژى ٣٠ی ئەم مانگەدا ماوەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی پێدێت، بۆیە دەبێت دادگای دەستووریى بڕیارێک بدات لە بارەى ئەنجامى هەڵبژاردنەوە، بۆ بڕیاردانیش دوو ڕێگا هەیە یان دووبارەکردنەوەى دەنگدان کە ئەگەرێکە، بەڵام ئەگەرێکى لاوازە، ڕێگای دووهەم ژماردنەوەى دەنگەکانە بەدەست کە ئەمە ئەگەرێکى بەهێزە".

ناوبراو، تیشکى خستەسەر کاریگەرى سوتانى چەندین سندوقى دەنگدان لە بەغدا و وتى:"سندوقى دەنگدانى هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکان خۆیان هەڵگیراون، بۆیە ئەوەى لە بەغدا سوتاوە تایبەتە بە پارێزگاى بەغدا، بەڵام لە بڕیاردان بە ژماردنەوەى دەنگەکان بەدەست کاریگەری دەبێت".

 

ش.ف