شارەزوور، پرسەی گەریلایەکی شەهید بەڕێوەچوو

دوێنێ هەپەگە شەهیدبوونی پێنج شەهیدی ڕاگەیاند، لە نێویاندا دانیار کامیل، ناسراو بە سەربەست جاف خەڵکی شارۆچکەی شارەزوور بوو، ئەمڕۆ پرسەی ئەو شەهیدە لە شارەزوور بەڕێوەچوو، تێیدا تەڤگەری ئازادیی و کۆمیتەی شەهیدان بە ڕێپێوان بەشدارییان کرد، هەروەها بنەماڵەکەی دەڵێن: شانازیی بە کوڕەکەمانەوە دەکەین و هیوادارین ببێتە هەوێنی ئازادیی.


شەهید لە ١٦ی مانگی ٦ی ٢٠١٩ شەهیدببوو، بەڵام دوێنێ هەپەگە بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەمڕۆش لە ماڵی باوکی شەهید لە شارۆچکەی شارەزووری سەربە پارێزگای سلێمانی دووەمین ڕۆژی پرسەکە بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا وێڕای هاوڵاتیان و بنەماڵەی شەهید، كۆمیتەی شەهیدان و تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، بە ڕێپێوان لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شارەكەوە تا ماڵی شەهید ڕۆشتن بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد.

بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پرسەی شەهید لە مزگەوت بەڕێوەنەبەرا و لە ماڵی شەهید بەڕێوەچوو.

كامیل حسێن باوكی شەهید بەخێرهاتنی كۆمیتەی شەهیدان و تەڤگەری ئازادی هاوڕێ و دۆستانی شەهیدی کرد.

سامان حەمە مەحمود ئامۆزای شەهید دانیار بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی":زۆر سەربەرزین و شانازی پێوە دەكەین، چەندەها گەنجی كوردستان دەڕوات لە دەریای ئیجە بێ‌ بەرهەم دەخنكێت، ئومێدەوارم خوێنی كوڕەكەی ئێمە بێتە هەوێنی ئازادبوونی تەواوی كوردستان.

 

س.ح