شارەوانی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەک دەدات

وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ڕوونکردنەوە لە بارەی ڕێگری لە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر زەوی ٢٠٠ مەتر دەدات و  دەشڵێت: زەوییەکی ٢٠٠ مەتری لەسەر دوو کەس تاپۆ ناکرێت.


بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەودوا ڕێگا بە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر زەوییەکی ٢٠٠ مەتریی نادرێت.

زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، بڕیارەکەی ڕوونکردەوە و وتی: هەر زەوییەک ئەگەر پانییەکەی ١٠ مەتر بێت و درێژییەکەی ٢٠ مەتر بێت، ئەوا ڕێگای پێنادرێت بکرێتە دوو خانوو، چونکە ڕووبەرەکەی نایاساییە، بەڵام ئەگەر زەوییەک ڕوکن بوو و درێژی و پانییەکەی ١٠ مەتر بە ١٠ مەتر بوو، ئەوا ڕێگای پێدەدرێت بکرێت بە دوو خانوو.

ڕوونیشیکردەوە: ئەگەر زەوییەک ڕووبەرەکەی لە سەروو ٢٠٠ مەترەوە بێت، مۆڵەتی لە خانویەک زیاتری پێدەدرێت، بەو مەرجەی پانییەکەیان لە شەش مەتر کەمتر نەبێت و ڕووبەرەکەی یاسایی بێت.

لەبارەی شێوازی تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی کە دەکرێن بە دوو بەشەوە، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی وتی: زەوییەک لەسەر دوو کەس تاپۆ ناکرێت، بەڵام بە چەند کەسێک دەتوانن یەک تاپۆ بەناویانەوە بکرێت و بیکەن بە دوو خانوو، بەو مەرجەی پانییەکەیان لە شەش مەتر زیاتر بێت.

پێشتریش لە شاری هەولێر بڕیارێکی هاوشێوە بۆ ڕێگری لە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر زەوییەکی ٢٠٠ مەتری دەرکرا، ئەوەش نیگەرانیی هاوڵاتیانی کەمدەرامەتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەوپێیەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن زەوییەکی ٢٠٠ مەتری بە تەنها بکەنە خانوو.

 

ک.ک