شارەوانیی گەلی شەنگال کە سەر بە خۆبەڕێوەبەریی شەنگالە، بەردەوام خزمەت بە هەموو پێکهاتەکانی سنورەکەیان دەکات و ئێستاش بۆ دروستکردنی ڕێگای بەشێک لە گوندەکان دەستی بە هەڵمەتێکی نوێ کردووە.
شارەوانیی گەلی شەنگال سەر بە خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، سەرەڕای هەموو کێشەکان، بەڵام بەردەوام خزمەت بە هەموو پێکهاتەکانی شارۆچکەکە دەکات و هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەسەر داوای هاوڵاتییان، دەستیکردووە بە دروستکردنی ڕێگای ٢٠ گوندی عەرەبنشین بۆ ئەو مەبەستەش تلمشرف دەستی بە کار و خزمەتگوزارییەکانی کردووە.
هاوڵاتییانی گوندە عەرەبنشینەکان بەهۆى پێشکەشکردنى ئەو خزمەتگوزارییانەوە دەستخۆشیی لە شارەوانیی گەل دەکەن و ڕادەگەیەنن، کە تا ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشتگوێخراون و هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێ پێشکەش نەکراوە.
هاوڵاتییەک بەناوی خدر شەعبان ڕایگەیاند، کە تا ئێستا حکومەت هیچ خزمەتگوزارییەکی پێشکەش بە گوندەکەیان نەکردووە و بۆ گەشتن بە ڕێگای سەرەکیی کێشەیان زۆربووە، بەڵام ئێستا دڵخۆشن کە ڕێگای گوندەکەیان دروست دەکرێت.
هەروەها هاوڵاتییەکى دیکە بە ناوی ئەحمەد خەلیل ئاماژە بەوە کرد، کە پێشتر لە کاتی باران باریندا نەیانتوانیووە ڕێگای گوندەکەیان بەکار بێنن، بەڵام ئێستا بە دروستکردنی ئەو ڕێگایە دڵخۆشن و دەستخۆشیی لە شارەوانیی گەل و شارەوانیی شاڕۆچکەی خانەسۆر دەکەن بەبۆنەی ئەو کارەوە.
ئەو هاوڵاتیە داواشی لە شارەوانی کرد، کە بەپێی دەرفەتیان خزمەتی گوندەکان بکەن، چونکە پێشتر هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بەو گوندانە نەکراوە.
لەلایەکى دیکەوە، بەدیعە مەسعود بەرپرسى شارەوانی گوندی هەساوک، باسیلەوەکرد، کە ٢٠ گوندی ئەو ناوچەیە پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە و بە هاوکاریی شارەوانیی شارۆچکەی خانەسۆر دەستیانکردووە بە دروستکردنی ڕێگاکان و ئێستا لە گوندی تلمشرف کار دەکەن.
لە کۆتایشدا بەرپرسى شارەوانی گوندی هەساوک ئەوەى خستەڕوو، بڕیارە ٣٠ کیلۆمەتر ڕێگا نوێژەن بکەنەوە و لە ئێستادا، جگە لەوان هیچ لایەنێکی دیکە خزمەت بەو گوندانە ناکات.
ئ.م