شاسوار عەبدولواحید: ئێستا دەچمە دادگا

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: ئیستا خۆم دەچمە دادگا، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا چووین.


دەربارەی فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانییەوە، کەمێک لەمەوبەر، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند: ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چوینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردووەتەوە، ئەمەی ئێمە و هاوڕێکانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەکانمانە، نەک باجی هەڵە، زۆرێک هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەلام ئازادانە دەسوڕێنەوە لەم وڵاتەدا.

هەروەها ڕایگەیاند:"بۆ ئێمەش ئاسان بوو توشی ئەمانە نەبوینایە، ئاسان بوو بێ هەڵوێست بوینایە، ئاسان بوو پشتمان بکردایەتە خەڵکی خۆمان و سەرمان کز کردایە، بەڵام ئەمەیان ڕێگا راستەکەیە".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکردووە، "گۆڕانکاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت، ئەوە دەیباتەوە کە باوەڕی بە خۆی وقەزیەکەی خۆی هەیە".

لەکۆتاییدا شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لە جاران بەهێزتر دەبین و کۆڵ نادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە چەند ساڵێکی ترە، نەک ئەم وێستگە کاتییە بچوکانەی ئێستا، چونکە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، ڕاستی و خاوەن هەلوێستییە.

س.ح