شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کاڕگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە بەشداریی لە پرسەی شەهید فەرهاد شبلی و هاوڕێکانیدا کرد و لە پەیامێکیشدا ڕایگەیاند، ناکرێ هەرچی داهات و دەستکەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ تورکیا و ئەویش بەکاریبهێنێتەوە بۆ کوشتنی خۆمان، دەشڵێت، کە “ئەگەر هاوکاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەکانی تورکیا ئەنجامیان نابێت”، وتیشی: سوڵتانەکەی تورکیا لە زمانی ئیدانە تێناگات.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کاڕگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی (سلێمانی، شارەزوور و گەرمیان)ی ئەو حزبە بەشداریی لە پرسەی شەهید فەرهاد شلبی و هاوڕێکانیدا کرد، کە لە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی.
دوای بەشدارییکردنی لە مەراسیمەکە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بێگومان ئەوە دەستدرێژییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ سەر خاکی کوردستان و ژیانی خەڵک، قسەمان زۆر کردووە و ئیدانەمان زۆر کردووە، بەڵام لەوە ناچێ سوڵتانەکەی تورکیا لە هیچ یەکێک لەو زمانانە تێبگات، بۆیە پێویست دەکات کە شێوازی قسەکردنمان بگۆڕین لەگەڵیدا، تێبگات کە ژیانی ئەم خەڵکە زۆر گرنگە.
دەشڵێت: دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ و سووتاندنی گوند و چۆڵکردنیان و کوشتن و دەستنیشانکردنی ئەو خەڵکانەی کە بە میوانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی بێن، ئەوە بەهیچ شێوەیە مایەی قبوڵ نییە.
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە لەبارەی زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا لە سنووری سلێمانیش دەڵێت: ئەوە جێگەی داخە کە لە سلێمانی بەوشێوەیە خەڵک دەستنیشان دەکرێن، بەڵام لە شوینەکانی دیکەش خەڵک دەستنیشان کراون، هەموو گوندەکان، هەموو مرۆڤەکان، منداڵ، ژن و پیاو دەستنیشان کراون، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرنامەمان هەیە کە شێوازی گفتوگۆ و مامەڵەمان بگۆڕین لەگەڵ بەرامبەرەکانمان.
ڕاشیگەیاند: بێگومان ئەگەر هاوکاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەکانی تورکیا ئەنجامیان نابێت، بەداخەوە من ناتوانم ئەوانە ناوبنێم کورد، چونکە کەسێک خۆی بە کورد بزانێت لەپێناو دۆلارێکدا ژیانی کوردێکی دیکە لەناونابات.
لەبارەی هۆکاری بێدەنگیی حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە بەرامبەر ئەو هێرشانە دەڵێت: دیارە هۆکاری ئەم بێدەنگییانە بۆچی دەگەڕێتەوە، بۆ بەرژەوەندیی هەرێم لەگەڵ تورکیا، کەس نەیوتووە شەڕ دەستپێبکەین لەگەڵ تورکیا، شێوازی دیکە هەیە بۆ مامەڵەکردن، بەڵام ناکرێ هەرچی داهات و دەستکەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ تورکیا و ئەویش بەکاریبهێنێتەوە بۆ کوشتنی خۆمان.
دەشڵت: وا ئەمڕۆ سوڵتانەکەی تورکیا کەسێکی شەهیدکرد، دوێنێ کردی، پێرێ کردی، ساڵی ڕابردوو کردی، سبەینێش دەیکات، ئەوکات چی؟ ئایا نموونەی ئەو سوڵتانە سەدام و هیتلەرن؟ ئەگەر ئەوەیە با بڕوات سەیری مێژوو بکات بزانێت کۆتاییان چۆن بووە؟.
ب.ل