شاناز ئیبراھیم: دەبێت یەکگرتووبین و سەرنجمان لەسەر ڕۆژئاوا بێت

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانیی خۆی گەیاندە نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی، جەختیشیکردەوە، کە پێویستە گەلی کورد ناکۆکییەکان بخەنە لاوە و سەرنجیان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بێت.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەمەبەستی دەربڕینی پشتیوانیی بۆ بەرخۆدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەردانی نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی ڕۆژئاوای کوردستان-ی کرد لە سلێمانی.

لەلایەن شاندێکی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانەوە بە سەرۆکایەتیی جیھان خەلیل، نوێنەری کۆنگرە ستار لە باشوری کوردستان پێشیوازیی لە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کرا.

دوای کۆبوونەوەکەش، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا نیگەرانیی خۆی لە ھێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی و وتی: ئەم ھێرشە ھەموو لایەکمانی نیگەران کردووە، نیگەرانییەکە لەوە نییە شەڕڤانان نەتوانن بەرگریی لە خاک و سەروەریی خۆیان بکەن، بەڵکو لەوەیە کە ئەو تاوانە بە بەرچاوی وڵاتانی دنیاوە ڕووبدات و ئەوان بێ ھەڵوێستبن.

جەختیشیکردەوە، کە پێویستە باشوری کوردستان حکومەتی عێراقیش، پشتیوانیی تەواو لە ڕۆژئاوا بکەین و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، کە بەزووترین کات بڕیاری دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و دژە فڕین لە ڕۆژئاوای کوردستان بدەن.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، یەکگرتوویی کوردیشی بە گرنگ زانی بۆ پشتیوانییکردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: ناکرێت ئێمە داوای ھەڵوێست لە وڵاتانی دەرەوە بکەین، بەڵام خۆمان یەکگرتوو نەبین، پێویستە پێش ھەموو شتێک خۆمان یەکبگرین، چونکە گەلی کورد دەبێت ھەر خۆی کەسی خۆی بێت، دەبێت ھەموو کێشە و ناکۆکییەکان بەلاوە بنێین و دەست لەناو دەست سەرنجمان لەسەر ڕۆژئاوا بێت و یەکگرتووبین بۆ پشتیوانییکردنی ڕۆژئاوا.

ش.ف