شاندی هەدەپە سەردانی بەرەی پشیوانی ڕۆژئاوای کرد

شاندێکی هەدەپە، لەگەڵ بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە و باسیان لە یەکێتی نەتەوەیی کرد، دوای کۆبوونەوەکە شاندەکەی هەدەپە ڕایگەیاند، کە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژی نەتەوەیی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەن.


ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیریی سوهرەوەردی لە شاری سلێمانی، شاندێکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان، سەردانی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد و پێکەوە کۆبوونەوە.

بە ئامانجی بەدیهێنان و دورستکردنی یەکێتی نەتەوەیی، نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان، هەوڵدانێکی دەستپێکردووە و ئامانجیەتی لە ماوەیەکی نزیکدا، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژی نەتەوەیی ئەنجامبدرێت، هەتا ببێتە بنەمای یەکێتی نەتەوەیی، لەو چواچێوەیەشدا ئەمڕۆ نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری سلێمانی لەگەڵ ئەندامانی بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە موزەیەن گونەش و عابد ئیکە، هاوسەرۆکانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان قسەیانکرد و ئاماژەیان بە گرنگی دورستکردنی یەکێتی نەتەوەیی کرد و ڕاشیان گەیاند، کە ئەوان هەوڵدانێکیان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێکردووە و دەیانەوێت سەردانی زۆرینەی لایەن و ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان بکەن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژی نەتەوەیی ئەنجامبدەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوکاریی لە هەموو لایەک دەکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا موزەیەن گونەش، سوپاسی بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، بۆ ئەو هەوڵانەی داویانە بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها عابد ئیکە، ئاماژەی بە کاریگەریی بایکۆتکرد لەسەر دەوڵەتی تورک و وتی: ئەو هەڵمەتەی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بۆ بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای تورکی ئەنجامیان داوە، هەڵمەتێکی پیرۆزە و کاریگەریی زۆری لەسەر دەوڵەتی تورک داناوە.

د.ع