شاندی هەدەپە و کەجەدە لەدوا وێستگەی سەردانەکانیان لەگەڵ نەوەی نوێ کۆبوونەوە

دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەدەپە و کەجەدە لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و لە دوایین وێستگەی دیدارەکانیشیاندا لە شاری سلێمانی، لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و شاندێکی جوڵانەوەکەدا کۆبوونەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکرات-کەجەدە لە شاری سلێمانی لەگەڵ شاندێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە کۆبوونەوە، بەوەش کۆتاییان بە دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان هێنا.

شاندەکەی هەدەپە و کەجەدە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هەریەکە لە د.کازم فاروق و مژدە مەحمود ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

لەدوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا د.کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و وتی: هەر لایەنێک بەشێوازی مەدەنییانە کار بۆ ئاشتیی بکات کارێکی پەسەندە، ئەم سەردانەش سەرەتایەک دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولامان.

ئەمە دوایین کۆبوونەوەی شاندەکە بوو لە شاری سلێمانی، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاندەکە لە سلێمانی لەگەڵ هەریەکە لە دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کۆبوونەوە.

شاندەکەی هەدەپە و کەجەدە ماوەی چوار ڕۆژە لە هەرێمی کوردستانن و لە دوو ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەشیاندا لە شاری هەولێر لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان کۆبوونەوە.

ئەجێندای سەرەکیی هاتنی ئەو شاندە باڵایەی هەدەپە و کەجەدە بۆ باشوری کوردستان بریتیبوون لە پرسی یەکێتیی نەتەوەیی کورد و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لە باکوری کوردستان، بەتایبەت کە بەمدواییە دەوڵەتی تورک بازنەی داگیرکارییەکانی لە باکور، باشور و ڕۆژئاوای کوردستان فراوانتر کردووە، شاندەکە خوازیارن هەڵوێستێکی یەکگرتووانەی کوردیی دژ بە هێرش و داگیرکارییەکان پێکبێت.

ب.ش