شاندی کەنەکە لەگەڵ عومەری سەید عەلی و خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان کۆبوونەوە

شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە بۆ تاوتوێکردنی ھێرش و مەترسییەکانی سەر کوردستان و پێویستیی گرێدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، لەگەڵ عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە، لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی لەگەڵ ڕێکخەری گشتی و بەشێک لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

ئەحمەد قەرەموس، ھاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندی کەنەکەی دەکرد و لەلایەن شاندێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سەرۆکایەتیی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازییان لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەحمەد قەرەموس، ھاوسەرۆکی کەنەکە سوپاسی پێشوازیی گەرمی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و وتی: گفتوگۆیەکی باشمان کرد لەسەر ھەڕەشە و مەترسییەکانی سەر کوردستان و بیروبۆچوونی ھاوبەش لە نێوانماندا گەڵاڵە بوو.

وتیشی: دوژمنانمان دەیانەوێت دەستکەوتەکانی ھەرچوار پارچەی کوردستان لەناوببەن، پێویستە ئێمەی کوردیش ھەڵوێستێکی نەتەوەیی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان.

ھەروەھا برزۆ مەجید، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا قسەیکرد و وتی: گرنگە ھێزە سیاسییەکانی ھەرچوار پارچەی کوردستان ھەماھەنگ و یەکڕیزبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی کە لە ھەرچوار پارچەی کوردستان ھەیە.

وتیشی: ئێمە جەختمان لەوەکردەوە، کە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان گرنگە بۆ بردنە پێشەوەی دۆزی کورد و گەیاندنی بە ناوەندە جیھانییەکان.

ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان وتیشی: نێوانی حزب و لایەنە سیاسییەکان بێبەری نییە لە ھەبوونی ناکۆکی بۆچوونی جیاواز، بۆیە ئەمانە ھەندێ جار دەبنە ھۆی دواخستنی پرۆژە و بەرنامەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بۆیە ئێمە جەختمان کردەوە، کە ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەتوانێت ناکۆکییەکان کەمبکاتەوە.

ک.س