بەمەبەستی لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەران و زامنکردنی سەلامەتی و داخوازییەکانیان، شاندێکی هاوبەشی کەنەکە، کەجەدەکە ئەوروپا و مانگی سوری کورد لە وارشۆوە بەرەو سنورەکانی نێوان پۆڵەندا و بیلاڕووسیا لە ڕێگادایە.
دوێنێ هەیینی شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) و کەجەدەکە ئەوروپا و ڕێکخراوی مانگی سوری کورد بەمەبەستی لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەران لە سنورەکانی نێوان پۆڵەندا و بیلاڕوسیا گەیشتنە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا.
ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:” لە ئێستادا شاندەکە لە وارشۆوە بەرەو سنور بۆ ئەو خاڵانەی کە کۆچبەرانی لێوەن لە ڕێگادان”.
هاوسەرۆکی کەنەکە وتیشی:” دەمانەوێت لە نزیکەوە دۆخی کۆچبەران ببینین، دواتریش هەندێک چاوپێکەوتنمان دەبێت لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ”.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە بە هەزاران کۆچبەر’زۆرینەیان کوردن’ بە لێشاوێک لە بیلاڕووسیاوە بەرەو پۆڵەندا بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا کەوتنەڕێ، پۆڵەندا سنورەکانی بە ڕووی کۆچبەران داخستووە و لە ئێستاشدا بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی کەشوهەوا بۆ خوار پلەی سفر و نەبوونی پێداویستی و خۆراک لەو سنورانە، کۆچبەران گیریان خواردووە و لە دۆخێکی مرۆیی سەختدان و داوای بەهاناوەچوونی بەپەلە دەکەن.
دوێنێش پۆلیسی شاری بیلایستۆکی پۆڵەندا ڕایگەیاند، شەوی چوارشەممە لە سنوری پۆڵەندا – بیلاڕووسیا گەنجێکی کوردی تەمەن ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە ڕەقبووەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، تا ئێستا نزیکەی ١٠ کۆچبەر لە سنورەکانی نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیانیان لەدەستداوە.
ب.ب