شاندێكی پارتەكانی ڕۆژئاوا لەباشوری كوردستانە

شاندێكی پارتە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان هاتوونەتە باشوری كوردستان، بەئامانجی گفتوگۆو كۆبونەوە لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكان لەپێناو یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەكان.


شاندەكە لەسەرۆك و سەركردەی ژمارەیەك پارتی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێكهاتووە و ئەمڕۆ گەشتوونەتە شاری سلێمانی و ماوەی چەند ڕۆژێك لەهەرێمی كوردستان دەمێننەوە، بەئامانجی دروستكردنی یەكڕیزی نێوماڵی كورد، لەگەڵ پارتە سیاسیەكانی باشور و باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆدەبنەوە.

سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لەباشوری كوردستان زانیاری لەبارەی سەردانی شاندەكە بۆ ڕۆژنیوز خستە ڕوو: "كە لەم دۆخە سیاسییە هەستیارەی ناوچەكە پێیداتێپەڕدەبێت، پارتەكانی ڕۆژئاوا بەئامانجی دروستكردنی یەك دەنگی و یەكڕیزی لەنێوان پارت و لایەنەسیاسییەكانی پارچەكانی تری كوردستان بەگشتی و باشوری كوردستان بەتایبەتی سەردانیان كردووە".

سلێمان عەرەب ڕوونیشكردەوە "پرسی داگیركاری و هێرشەكانی دەوڵەتی تورك، كە بووەتە مەترسی بۆ سەر دەستكەوتەكانی گەلی كورد و چەندین پرسی گرنگی دیكەی سیاسی ئامانجی سەردانی شاندەكەیە".

سلێمان عەرەب ئاشكراشیكرد بەرنامەی كاری شاندەكەی ڕۆژئاوا سبەینێ‌ لە شاری سلێمانییەوە دەستپێدەكات و لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی كۆدەبنەوە، ڕۆژانی دواتریش سەردان و كۆبوونەوەكان لەشاری سلێمانی و هەولێر درێژەی دەبێت.

ک.س