شاندێکى سەربازی باڵاى عێراق بەسەرۆكایەتیی سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق و بەمەبەستى ئاگاداربوون لەپلانە سەربازییەكان و ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەكان لەدژى چەتەکانى داعش، گەیشتنە شارۆچکەى مەخمور.
بەپێی ڕاگەیەندراویکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ شاندێکى وەزارەتەکە بەسەرۆكایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵا، سەرۆك ئەركانی سوپا و ئەندامێتیى جێگری سەرۆكى ئەركانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەكان، فەرماندەی هێزی وشكانی و بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگریی سەربازیی، گەیشتوونەتە بنکەى فیرقەی ١٤ی هێزی پیادە لە شارۆچکەى مەخمور لە سنوورى پارێزگاى موسڵ .
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، ئامانج لە چوونى ئەو شاندە باڵا سەربازییە بە مەبەستى ئاگاداربووە لە دۆخى ئەمنى ناوچەکە و بەڕێوەچوونى پلانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانە، کە لە دژی چەتەکانى داعش لە چیاكانی مەخمور ئەنجامدەدرێن.
وەزارەتى بەرگریى عێراق باسی لەوەشکردووە، سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق لە میانى سەردانەكەیدا جەخت لەسەر پێویستیی هەوڵە هەواڵگرییەكان دەکاتەوە بە مەبەستى بەردەوامبوون لەجێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش، كە لەناوچەكەدا ماون و خۆیان حەشارداوە لە ئەشكەوتەكانی ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى مەخموردا .
لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، لەئێستادا هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانیی سوپاى وڵاتەکەمان لە ئامادەكاریی باشدان بۆ بۆردوومانكردنی هەر شوێنێك، کە چەتەکانى داعش-ى تێدان لە چیاكانی مەخمور، ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامیی بۆ ناوچەكە.
لە سنوورى شارۆچکەى مەخمور لە سنورى موسڵ ناوبەناو چەتەکانى داعش هێرش دەکەنە سەر سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە .
ئ.م