هەریەکە لە محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە هەولێرن، لە هەمانکاتیشدا ماوەى دوو ڕۆژە شاندێکى هاوبەشى یەنەکە و پەدەکە لە شارى بەغدان و لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق لەگەڵ بەشێک لەلایەنە سیاسیەکاندا کۆبونەتەوە.
ئەمڕۆ هەریەکە لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى هەولێرەوە گەیشتنە هەرێمى کوردستان و لەلایەن ئومێد خۆشناو و هێمین هەورامییەوە پێشوازییان لێکرا.
هەروەها، لە دوێنێ هەینییەوە شاندێکى هاوبەشى یەنەکە و پەدەکە بەسەرۆکایەتى هۆشیار زێباریى و عیماد ئەحمەد لە شارى بەغدان و لەگەڵ هەریەکە لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و موقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتى سەدر، پاشان لەگەڵ کوتلەکانى تەقەدوم بەسەرۆکایەتى محەمەد حەلبوسى و عەزم بەسەرۆکایەتى خەمیس خەنجەر کۆبوونەوە، ئەمڕۆش لەگەڵ نورى مالکى سەرۆکى دەوڵەتى یاسا و هاوپەیمانى فەتح بەسەرۆکایەتى هادى عامرى کۆبوونەوە.
هەرێم کەمال ئاغا ئەندامى شاندى هاوبەشى یەنەکە و پەدەکە لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بە میدیاى فەرمى حزبەکەى ڕاگەیاندووە، سبەىنێ یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و تائێستاش لەنێو ماڵی شیعەدا هیچ رێككەوتنێك نییە و لایەنە سوننەكان لەنێو خۆیاندا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن، كوردیش بەیەك تیم چووەتە بەغدا و لەگەڵ لایەنەکان كۆدەبنەوە.
هەرێم کەمال ئاغا وتوشیەتى: ئامانج لەسەردان و كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بۆ گەیاندنی دوو پەیامە، یەكێكیان ئەوەی كورد ببێتە چارەسەرێك لەنێو ماڵی شیعە، نەك لێكترازانی زیاتر، چونكە ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر پرۆسەی سیاسی و سەركەوتنی پرۆسەكە، پەیامی دووەم ئەوەیە، كە كورد بە وەرەقەیەكی هاوبەش بەشداریی دەكات و بۆ حكومەتی داهاتوو بەرچاو ڕوونی هەبێت.
ئەو ئەندامەى شاندە هاوبەشەکەى یەنەکە و پەدەکە ڕاشیگەیاندووە، سبەى یەکەم كۆبوونەوەى پەرلەمانى نوێ دەكرێت و تێیدا دەبێت سەرۆك و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن، لایەنە سوننەكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمان ڕێككەوتون، بەڵام لەسەر جێگری یەكەم، كە بەر لایەنە شیعەكان دەكەوێت تائێستا ڕێككنەكەوتن نەکراوە، بۆیە ئەوكاتەی ماوە چاوەڕێی ڕێككەوتن دەكرێت.
بڕیارە سبەینێ کاتژمێر ١١:٠٠ یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار، کە ‘مەحمود مەشهەدانیە’ لە فراکسیۆنی عەزم بەڕێوەبچێت.
ئ.م