شاندێکی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا سەردانی مەخموریان کرد

شاندێکی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا سەردانی مەخموریان کرد و لەگەڵ ئەنجومەنی گەل کۆبوونەوە.


گەمارۆی سەر کامپی مەخمور بەردەوامە و حکومەتی هەرێم ڕێگە بە نەخۆشەکان نادات بچنە هەولێر، لەسەر ئەو بابەتە، دوێنێ شاندێک کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و هونەرمەندانی شێوەکاری ئەڵمانی سەردانی کامپی مەخموریان کرد.

لە کاتی چونیاندا شانەدەکە لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە ئاستتەنگییان بۆ دروستکرا، بەڵام شاندەکە بە کاربەدەستانی پارتییان ڕاگەیاند کە تا نەچنە مەخمور، ناگەڕێنەوە، هەر بۆیە ئاسایش ناچاربوون ڕێگەیان بۆ بکەنەوە.

شاندەکە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی گەل-ەوە پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی گەل شاندەکەیان لە دۆخی پەنابەری، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، خەمساردی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها گۆڕانکارییەکانی عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان ئاگادار کردەوە.

شاندەکە دوای کۆبوونەوەکەیان لەناو کامپەکە گەڕان و لە نزیکەوە دۆخی هاوڵاتیانیان بینی، شاندەکە هەروەها سەردانی شارەوانی، نەخۆشخانە و ناوەندی هیوای مەخموریان کرد.

جێگای ئاماژەیە شاندە ئەڵمانییەکە، پێکهاتبوون لە پەرلەمانتاران، "نۆربێرت ژارۆوەی، فلمینگ مەیر، ئاندێریا بنکەرت"، و شێوەکاران "هنڕیش شوڵتز، کارێن دەسمارۆیتز، درۆتی دافی، سۆنیا هاماد، سۆزان کلویتز، ڤێلاسکۆ وێڵمز، یڵماز کابا، موسلم ئۆرتولو، یاسین سونجا، ئەمینە گۆزەن، یورگن پرێهـ و فراوکە سەیدنبورگ".

ک.س