شاندێکی که‌نه‌که‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتی کۆبوونه‌وه‌

ڕێبوار ڕه‌شید، هاوسه‌رۆکی که‌نه‌که‌ و شاندێکی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره،‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی کۆبوونه‌وه‌ و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پرسی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییان تاوتوێکرد.


ڕێبوار ڕه‌شید، هاوسه‌رۆکی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان (که‌نه‌که‌) و بە یاوەری ئه‌حمه‌د کاراموس و هێرش عه‌لی زاده‌ و فه‌رهاد دۆسکی، ئه‌ندامانی که‌نه‌که‌، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌.

کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی له‌ شاری هه‌ولێر بوو، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌شدا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و چه‌ند ئه‌ندامێکی دیکه‌ی یه‌کێتی ئاماده‌بوون.

دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ ڕێبوار ڕه‌شید، هاوسه‌رۆکی که‌نه‌که‌، له‌ باره‌ی ناوه‌رۆکی کۆبونه‌وه‌که‌وه‌ زانیاری به‌ ڕۆژنیوز-دا.

ڕێبوار ڕه‌شید، ئاشکرایکرد، که‌ ئه‌وان به‌نیازبوون سه‌ره‌تا بچنه‌ ڕۆژئاوای کوردستان و له‌گه‌ڵ پارته‌کانی ئه‌و پارچه‌ی کوردستان کۆببنه‌وه‌، که‌ پێشتریش له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌کانی باشووری کوردستان کۆببونه‌وه‌، "به‌ڵام ڕێگه‌ی چوونه‌ ڕۆژئاوای کوردستانمان پێنه‌درا، بۆیه‌ سه‌ردان و چاوپێکه‌وتنه‌کانی خۆمان له‌گه‌ڵ پارته‌کانی باشوری کوردستان و ئه‌و پارته‌ کوردییانه‌ی دیکه‌ی پارچه‌کانی دیکەی کوردستان که‌ نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه، ده‌ستپێکرد".

وتیشی: له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ماندا ده‌رباره‌ی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد زانیاری ئاڵوگۆڕ کران، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی یه‌کێتیشه‌وه‌ دۆخی باشوری کوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی باشوری کوردستانیان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ڕەوشی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.

ڕێبوار ڕه‌شید، هاوسه‌رۆکی که‌نه‌که‌، ئاشکراشیکرد، یه‌کێتی له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیی نیشانداوه‌ و وتی: "پێشنیار و تێڕوانینی ئه‌وانمان بۆ دانوستان له‌نێوان هێزه‌ کوردییه‌کان  گوێ لێبوو، به‌ گشتی تێڕوانینی ئه‌وان ئه‌رێنی بوو، هه‌ندێک ڕه‌خنه‌ی ئه‌وانیش هه‌بوون، ئه‌وانیش وا بیر ده‌که‌نه‌وه‌ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ کورد یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌ گرنگه‌کان و ئه‌وه‌ش وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌بینین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕۆژئاوای کوردستان له‌ دۆخێکی هه‌ستیاردایه‌".

هاوسه‌رۆکی که‌نه‌که‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دۆخی باشوری کوردستان و پرسی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ کرا و ئه‌م زانیارییانه‌شی خسته‌ڕوو "له ‌باشووری کوردستان پرسی دیموکراسیبوون و دانوستاندن له‌نێوان هێزه‌کان پێویسته‌ پێشبکه‌وێت، ئێمه‌ش تێڕوانینی خۆمان له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو، ئەوانیش هەمان بۆچوونیان هەبوو، هەمان شت بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕاستە، ئەوانیش وا بیردەکەنەوە کە گفتوگۆیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لەنێوان کورداندا دەستپێبکات، ئێمەش وتمان یەکێک لە خەباتە سەرەکییەکاکانی ئێمە پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەییە، هێدی هێدی یەکێتی نەتەوەیی پێکدێت، ئێمە لە یەکێتیمان داوا کرد، کە ئەندامێتیان لەناو کەنەکە بەهێز بکرێت و بەشداریان فراوانتر بکەن، ئێمە وتمان کە بەشداربوونی ئەوان باشە، بەڵام پێویستە باشتر و چالاکتر ببێت".


ک.ک