شاندێکی کەنەکە سەردانی کۆدار و پژاکی کرد و لە سەردانەکەیاندا باس لە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی، رێگریکردن لەناوچوونی دەستکەوتەکان و بەرژەوەندیی گەلی کورد و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ئێستای باشووری کوردستان کرا.
دوێنێ شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، لە کوێستانە ئازادەکان، لەگەڵ شاندی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ئاسیە عەبدوڵا، دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین و زەینەب لە ئەندامانی کەنەکە، لەگەڵ گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار و نوژین بێریتان و ئامەد شاهۆ ئەندامانی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک و ڕۆهات شاین ئەندامی کۆمیتەى دیپلۆماسیی پژاک، ئامادەبوون.
شاندەکەى کۆدار و پژاک پشتوانیان لە هەوڵەکانی کەنەکە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگی ناوخۆیی نێوان کوردان و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ئێستای باشووری کوردستان کرد و لەوبارەیەوە گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار ڕایگەیاند: “پێویستە گەلی کورد بە یەکگرتووی لە بەرامبەر دوژمنان و هێرشە جۆراجۆرەکانیاندا بەرەنگاری و تێکۆشان بکات، دوژمنانی گەلی کورد لە هەوڵدان بە پیلانگێڕی ڕێگری لە گەیشتن بە ناسنامە و پێگە و ئامانجە دیموکراتیکییەکان بکەن، دەستگیرکردنی بەرفراوانی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە باکوری کوردستان، داگیرکەری و هێرشی دەوڵەتی فاشیستیی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و گەمارۆدانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن داگیرکەران و ئەو تێکۆشان و شەهادەتانەى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویاندا، دەرخەری ئەو ڕاستییەن.
گوڵان فەهیم ئاماژەی بە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی لەم دۆخەى ئێستادا کرد و رایگەیاند: ڕووداوەکانی ئێستای کوردستان پێویستیبوونی یەکێتیی نەتەوەیی بۆ دەرخستووین، پێویستە لەو پێناوەدا بۆ چارەنووسی گەلی کورد بە یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەی هەنگاوی گەورە بنرێت و بەرپرسیارێتی خۆمان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی بە ئەنجام بگەیەنین، لەم نێوانەدا رۆڵی کەنەکە بۆ ئەم دۆخە مێژووییەی ئێستا لە پێناو یەکێتیی نەتەوەییدا بە کاریگەرییەکی چارەنووسساز دەزانین، جگە لەوەش ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی ئاپۆیی ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی خۆمانین لەوبارەیەوە.
هاوسەرۆکی کۆدار لەبارەی گرژییەکانی ئێستا لە باشووری کوردستان وتی: بۆ ڕێگریکردن لە جەنگی ناوخۆ لە نێوان کورداندا ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمانین بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی، پێویستە لەمبارەیەوە تاک بە تاکی هاوڵاتییانی کورد لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورددا رۆڵی خۆیان بگێڕن.
شاندەکەی کەنەکە لە دیدارەکەدا پێشوازیی بزووتنەوەى ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکێتیی نەتەوەی و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەى بارگرژییەکان بە گرنگ زانی و لەوبارەیەوە ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە رایگەیاند: باسەکانی ئەم دیدارە گرنگ بوون، چونکە پەیوەندیی بە داهاتوو و چارەنووسی گەلی کوردەوە هەیە، دوژمنانی گەلی کورد لەم قۆناغەدا بە بنبەست گەیشتوون و بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی خۆیان و شاردنەوەى قەیرانەکانیان دەیانەوێت دووبەرەکی و گرژی لە نێوان کورداندا دروست بکەن.
قەرەمووس ئاماژەى بە هەڵوێست و ڕێککەوتنی نێوان کەنەکە و پژاک – کۆدار، لە پەیوەند بە گرژییەکانی نێوان پەدەکە و گەریلا کرد و وتی، بارگرژییەکانی ئێستا دەستکەوتەکان و بەرژەوەندیی گەلی کورد دەخاتە مەترسییەوە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر شەڕێکدا زیانی هاوشێوەی لە دەستدانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە دوای خۆیدا دەهێنێت، دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان چارەسەرە.
قەرەمووس ئەوەشی وت: گەلەکەمان لەم قۆناغەدا لە باشووری کوردستان ئەوە قبوڵ ناکات و ناڕەزایەتیی بەرامبەر نیشانداوە، چونکە کوردان هیوایان بەوە هەیە بارگرژییەکانی ئیستا کۆتاییان پێبێت، ئێمەش هیوادارین لە ئەنجامی دیدارەکانی خۆماندا لەگەڵ هەموو حیزبە کوردستانییەکاندا وەڵامێکی پۆزەتیڤ و باش لە هەر دوولایەن لەپێناو پێشگرتن لە جەنگی ناوخۆیی وەربگرینەوە.
ب.ک