شاندەکەی ڕۆژئاوا و یەکێتی گفتوگۆی یەکڕیزیی و داگیرکارییەکانی تورکیایان کرد

شاندی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری سلێمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و باسیان لە پێویستیی یەکڕیزیی کورد و مەترسیی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرد.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی، لەگەڵ شاندێکی یەکێتی بە سەرپەرشتیی عومەر فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە کۆبوونەوە.

شاندەکە لە سەرۆک و سەرکردەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتوون، لەوانەش شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، پرسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکان لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە، کە شاندی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کردووە.

هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، مەترسییەکانی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بووە لەسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان.

دوای ئەو کۆبوونەوەیە، شاندەکەی ڕۆژئاوا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی-یان کرد، بەڵام دەربارەی ناوەڕۆکی سەردانەکە، هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکرا.

هەمان شاند، هەر ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

ئەم شاندە دوێنێ گەیشتە باشوری کوردستان و بڕیارە چەند ڕۆژێک بمێننەوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کۆببنەوە، مەبەستی سەردانەکەشیان بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکانە لەم دۆخەی کە ئێستا ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت.

هەروەها پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیش لەسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، تەوەرێکی دیکە و گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی باشوری کوردستان.