لەمیانەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، شاندەکەی کەنەکە لە شاری هەولێر لەگەڵ سکرتێری حزبی شیوعی کۆبوونەوە و جەخت لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان کرا بۆ ڕێگرییکردن لەهەڵگیرسانی شەڕ.
ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر، دکتۆر کاوە مەحمود سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ ئەبوکاروان، هاوتا ڕەسوڵ و هاورێ مەحمود ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی و شنۆ عەبدولمەجید ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە پێشوازییان لە شاندی کەنەکە پێکهاتوو لە ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و ئاسیا عەبدوڵا کرد و کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە لە باشوری کوردستان و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ گفتوگۆ کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە زەمینەسازیی بکرێت بۆ ئەوەی دۆخی ئاڵۆزییەکان هێور بکرێتەوە و هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی ڕێگریی لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بکرێت.
شاندەکەی کەنەکە لە ئێستادا لەگەڵ حزبی زەحمەتکێشان لە کۆبوونەوەدایە، بڕیارە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ سەردانی عەلی باپیر و کاتژمێر ٤-یش سەردانی پارتی پارێزگاران بکات لە هەولێر.
ش.ف