پەدەكە سێ ساڵەی بەدوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگالەوەیە و هەركاتێك بەرپرسانی پەدەكە لە حكومەت چوبێتنە بەغدا یان بەرپرسانی بەغدا سەردانی هەولێریان كردبێت، پەدەكە جەختی لە جێبەجێكردنی هەرچی زووتری ڕێككەوتنی شنگال كردووەتەوە.
پەدەكە ئامانجێتی لەو ڕێگەیەوە كۆتایی بە خۆبەڕێوەبەرێتی خەڵكی شنگال بێنێت، ئەمەش خواستی دەوڵەتی داگیركەری توركە و پەدەكەیش، وەك جێبەجێكاری سیاسەتەكانی دەوڵەتی تورك ڕێككەوتنی شنگالی لەگەڵ مستەفا كازمیدا ئەنجامدرا و فشار لە بەغدا دەكات بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال.
لە ٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، پەدەكە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق مستەفا کازمی ڕێکەوتن دەکەن، بۆ کۆتایی هێنان بەو خۆ بەڕێوەبەرییەی لە شنگال دروست بوو.
ڕێکەوتنەکە ناوی لێنرابوو ڕێکخستنەوەی بابەتە ئەمنی و ئیدارییەکانی شارۆچکەی شنگال، ئەو شنگالەی لە سێی ئابی ٢٠١٤دا هەردوولا وەک نێچیرێک لەبەردەم داعشدا جێیانهێشتن.
ئەو ڕێكەوتنەی بڕیاری لەسەر درا لە سێ بەندی سەرەکی پێکهاتووە:
یەکەم پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش بە هاوکاری حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان
دووەم ڕێکخستنی ئەمنی شارۆچکەکە بسپێرێت بە هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق بە هاوکاری هەرێمی کوردستان بە ناردنی ٢٥٠٠ هێزی ئاسایشی ناوخۆ و کۆتایی پێهێنانی هەموو هێزەکانی ناوخۆی شنگال
سێیەم، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوکاری هەردوولا
ئەوەی جێی باسکردنە لەم ڕێکەوتنەدا، هیچ کەسێکی شنگال بەژداری پێ نەکرا، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شنگال لە بەیاننامەی ٢٣ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا ئامانجی ئەو ڕێکەوتنەی بە چەند خاڵێک خستە ڕوو.
– ئامانج لە ڕێککەوتنەکە، لەناوبردنی ئیرادەی گەلی ئێزدییەکان و شکستپێهێنانی هێزە پارێزەرییەکانی ئێزدییەکان
– دەستگیرکردنی ئەو ئێزدییانەی لەدژی داعش جەنگابوون
– لە ڕێگەی چوونەسەرماڵی خەڵکانی شنگال دەست بەسەر چەکی بەرگری خەڵکەکەدا دەگیرێ
– کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی پەیوستکردنی شارەکان و لادێکان و دانانی خاڵی پشکنین و دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتییان
– سەرباری داخستنی سنورەکانی شنگال و گەمارۆدانی شارۆچکەکە ، هێنانی چەند هێزێکی چەکداری نەناسراو بۆ بەڕێوەبردنی گەلێک کە خۆیان خاوەنی ناوچەی خۆیانن
– بەو شێوەیە ئەو کەسانەی هاوکاری داعشییان کرد دەگەڕێنەوە ناوچەکە کە هۆکاربوون بۆ ڕفاندن و فرۆشتن و کوشتنی ئێزدییەکان
– کەواتە لە ژێر ناوی ڕێکەوتنێکی یاساییدا
– گەلی شنگال دەخرێتە بەر نەشتەری هێزەکانی تر
لە ڕۆژی ڕێکەوتنەکەوە تاکو ئێستا ئێزدییەکانی شنگال لە حاڵەتی بەرخۆدانێکی بەردەوامن لە دژی ئەو ڕێکەوتنە، زیاتر لە جارێک هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پەدەکە ویستویانە شنگال بە تەواوی بخەنە ژێردەستی خۆیانەوە بەڵام شنگالییەکان توانیویانە بەرپەرچییان بدەنەوە.
ڕۆڵی تورکیا لەم ڕێکەوتنەدا زۆر بەرچاو بوو، بەتایبەت لە ڕێگای ئاسمانییەوە سەرکردەکانی شنگالی کردۆتەوە ئامانج، هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە دوای شکستی حکومەتی ئیتیحادی و هەرێمی کوردستان بوو لە دژی شنگالییەکان، وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر شنگال ئەردۆغان وتی “لەوانەیە شەوێک هێرش بکەینە سەرییان”.
ئەم هێرشەی تورکیا بە هاوکاری سیخوڕیی پەدەکە کرا، سەرباری ئەوەی هەردوولا ڕێکەوتنییان کردبوو لەسەر ڕێکخستنی ئیداری شنگال، بەڵام نەگەیشتبوونە هیچ دەرئەنجامێک لەسەر دیاریکردنی ئەو لیستەی پێشکەشکرابوو بۆ بەڕێوەبردنی شنگال، لەبەرئەوەی زۆرینەی کەسایەتییەکان سەر بە پەدەکە بوون.
ئەمەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەتکرابووەوە، لە ١ نیسانی ٢٠٢١ سوپای عێراق هەڕەشەی چوونە ناو شنگالی کرد، هەروەها وتییان ئەمە دوا وادەیە بۆ ئاسایشی ئێزیدخان خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام خەڵکی شنگال چوونە سەر چیای شنگال بە تایبەتی چیای جل میرا و بوونە پەرژینێک لەبەردەم سوپای عێراقدا، کە نەیانتوانی ئەو هێرشە ئەنجام بدەن.
سەرباری ئەوەی هەردوولا نەیانتوانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، دەستییان کرد بە درز خستنە ناوخۆی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان، بە تایبەت لە کاروباری ئاینی ئێزدییەکان، سەرەتای ئەم سیاسەتە لە ڕێگای حازم تەحسین بەگ بوو، کە کرا بە ئەمیر لەبری باوکی.
هەروەها هەڵبژاردنی بابا شێخ لەبری شێخ خرتو ئیسماعیل کێشەیەکی گەورەی خستە نێوان شنگال و شێخان، ئەم یارییە قێزەونەش لە ڕێگای پەدەکەوە ئەنجام درا.
لە ٢ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پەدەکە لە ڕێگای مەزاری شەرەفەدین، کە دووەم مەزاری پیرۆزی ئێزدییەکانە ویستی بچێتە ناو شنگال، بەڵام خەڵکی شنگال لە شوێنی چونە ناوەوەی شارۆچکەکەدا کۆبوونەوە.
بە تایبەت لە شارەدێی سنونی، چەندین بەربەستییان دانا بۆ ڕێگرتن لە هێزەکانی پەدەکە لە کاتێکدا نەیتوانی بچێتە ناو شنگالەوە و کۆنترۆڵی بکات، ویستی لە ڕێگای چەند کەسێکەوە بە نهێنی کار بۆ ترازانی ناوخۆی شنگال بکات.
پەدەکە دەیویست ئاژاوە لەناو شنگالدا دروست بکات، بە تایبەت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ تشرینی یەکەمدا، لەبەرئەوەی کاندیدێکی حیزبی ئازادی و دیموکراتی ئێزدی وەک یەکەم حزبی سیاسی نوێنەرییان هەبوو بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق.
بەڵام لە دواتردا یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی شنگال کراو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی هەڵبژاردنی بە شێوەیەکی کتوپڕ لەچەندین بنکەی دەنگداندا لە کارکەوتن.
لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری پارساڵدا، سوپای عێراق دیوارێکی کۆنکرێتی لە سەر سنوری شنگال و ڕۆژئاوا بە درێژی ٢٥٠ کیلۆمەتر و بەبەرزی چوار مەتر دروست کرد.
هەروەها، سوپای عێراق ١٠ بارەگای سەربازی نوێی لەسەر سنورەکانی نزیکی شنگال دروست کرد بۆ ئەوەی گوند و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری شنگال بە تەواوەتی لەیەکتری داببڕێت
لەکاتی ڕێکەوتنەکەوە تاکو ئێستا، چەندین جار لەلایەن تورکیا و عێراق و پەدەکەوە هێرشی سەربازی کراوەتە سەر شنگال بۆ ئەوەی کۆتایی بەو خۆبەڕێوەبەرییە بهێنن، کە شنگالییەکان بۆ خۆیان دروست کردووە، بەڵام هەموو جارەکان هێرشەکان شکستییان هێناوە.
بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری شنگالیش تەواوی کێشەکانی شنگال دەگێڕنەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە، لە ٨ کانوونی دووەمدا شاندێکی باڵا کە لەتەواوی پێكهاتەکانی شنگال پێکهاتبوون ، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنە و گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگالییان بۆ زێدی خۆیان کرد.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی حکومەتی تورکیا بکەوێتە خۆی و ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دا.
پاشان سەردانەکەی مەسرو بارزانی بۆلای سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوە دەخاتەوە ڕوو کە جارێکی تر، پیلانگێڕی ئەو ڕێکەوتنە دەخاتەوە بەرباس، چونکە مەسرور بارزانیش ئەوەی نەشاردەوە کەوا لە گفتوگۆکەی نێوان خۆی و محمەد شیاع سوودانی پرسی شنگال باسکراوە و داوای لێکردووە ئەو ڕێکەوتنەی لەسەردەمی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوودا واژوو کراوە جێبەجێی بکەن.
تورکیا لە پێناوی فراوانکردنی سنوری دەوڵەتەکەی بە هیوای ژیانەوەی خەونی دەوڵەتی عوسمانی لەبەرئەوەی ڕێکەوتننامەی لۆزان لە تەواوبووندایە، هەربۆیە وێنەی ئەو دەوڵەتە دروستدەکاتەوە کە خەونی پێوە دەبینێ.
هەروەها دژایەتی هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت ئەو کارە دەکات، عێراقیش لە پێناوی بەهێزکردنی هەژموونی دەوڵەتداری و ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام پەدەکە بە سێ ئامانجی سەرەکی ئەو کارە دەکات.
یەکەم، لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەو ناوچەیەدا
دوووم، بە فەرمانی تورکیا و وەفاداری بۆ تورکیا، لەبەرئەوەی ساڵانێکە پارتی داردەستی تورکیایە و وەک ڕۆبۆتێک لە پێناوی مانەوەیدا کار بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکات
سێیەم، کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو لەو کاتەدا لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبوون ، یەکێک لەو بابەتانەی عێراق ئامادەبوو کێشەکەی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات بابەتی شنگال بوو.
س.ک