پێنجشەممە, 5 أبر 2018 – 10:52
ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان
شه‌هید باکور، فه‌رمانده‌یه‌کى جه‌نگاوه‌رانى ئازادیی بوو، له باشورى کوردستان له‌دایکبوو، له باکور ده‌ستى به تێکۆشان کرد و له ڕۆژئاوا و باکورى سوریا شه‌هید بوو.
ئه‌مڕۆ، ٥ى نیسان، دوو ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر شه‌هیدبوونى بورسک جه‌مال سابیر، ناسراو به باکور جیلۆ، که له ٥ى نیسانى ٢٠١٦ له گه‌ڕه‌کى شێخ مه‌قسود له حه‌له‌ب شه‌هید بوو.
شه‌هید باکور فه‌رمانده‌ی ئه‌فسانه‌یی به‌رخۆدانی حه‌له‌ب و شێخ مه‌قسود به وتنی “خۆشه‌ویستیمان بۆ شۆڕش هه‌تاهه‌تاییه”، بوو به جوانی و ڕه‌نگی به‌رخۆدان، گه‌لی عه‌فرین و شه‌هبا له‌سه‌ر ڕێگاکه‌ی ئه‌و، درێژه به به‌رخۆدان ده‌ده‌ن.
ئێستا گه‌لی شه‌هبا و شه‌ڕڤانانی جه‌بهه‌تولئه‌کراد باس له هێرشی ده‌وڵه‌تی تورک ده‌که‌ن و ده‌ڵێن، به ڕۆحی به‌رخۆدانیی شه‌هید باکور، که خه‌ڵکی باشوری کوردستان و فه‌رمانده‌ی جه‌بهه‌تول ئه‌کراد بوو، به‌رخۆدان ده‌که‌ن. له هه‌ر خانوویه‌کی شه‌هبادا وێنه‌یه‌کی شه‌هید باکوور هه‌ڵواسراوه.
حاجی ئه‌حمه‌د، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه شۆڕشگێڕه‌کان له باکورى سوریا و هاوڕێی شه‌هید باکور، له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی ڕۆیشتنی شه‌هید باکور بۆ حه‌له‌ب و به‌شداربوونی له جه‌بهه‌تول ئه‌کراد، ده‌ڵێت: “هه‌ڤاڵ باکور زۆر له کۆبانێ مابووه‌وه. زۆریش حه‌زی له‌وێ ده‌کرد. بۆ چاره‌سه‌ر هاتبوو بۆ حه‌له‌ب، هه‌ڤاڵ باکور کاتێک له حه‌له‌ب بوو، تازه به تازه جه‌بهه‌تول ئه‌کراد دامه‌زرابوو، له ناو یه‌په‌گه‌وه هاتبوو، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێک چاره‌سه‌ری وه‌رگرت، هه‌ڤاڵان بانگیان کرد بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ کۆبانێ، به‌ڵام ئه‌و وتی ‘ئێره پێویستی به کاری زۆر هه‌یه، پێویسته ڕه‌نجێکی زۆر بۆ ئێره بدرێت، هه‌ڤاڵان له‌وێن و ده‌توانن کاره‌کانی منیش له‌وێ ئه‌نجام بده‌ن’ و به‌و شێوه‌یه مایه‌وه و نه‌ڕۆیشت”.
“له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا جێی له دڵی هه‌مواندا کرده‌وه”
حاجی ئه‌حمه‌د باسی ئه‌وه‌یکرد، له به‌ره‌ی حه‌له‌بدا کار قورس و زه‌حمه‌تبوو، شه‌هید باکور به‌هێزه‌وه به‌شداریی کار بوو، “هه‌ڤاڵ باکور عه‌ره‌بیی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام زوو تێکه‌ڵ به گه‌ل ده‌بوو، هه‌ڤاڵ باکور به به‌رده‌وامی ئازایه‌تی ده‌به‌خشییه ده‌ورووبه‌ره‌که‌ی، وره‌ی مرۆڤه‌کانی به‌رز ده‌کرده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ش له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا جێی خۆی له دڵی هه‌مواندا کرده‌وه”.
حاجی ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی ڕۆڵی شه‌هید باکور له گه‌وره‌کردن و به‌هێزکردنی جه‌بهه‌تول ئه‌کراد، ده‌ڵێت: “شه‌هید باکور له شه‌ڕێکی گه‌وره‌دا و به قاره‌مانی و پاڵه‌وانانه شه‌هید بوو، له قۆڵی شێخ مه‌قسوده‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک له هه‌ڤاڵان به‌رامبه‌ر به هێرشی دوژمن ڕاوه‌ستان. ئێستا به‌و شوێنه ده‌وترێت گه‌ڕه‌کی موخابه‌رات، تاوه‌کو به‌ره‌به‌یان ئه‌و شوێنه‌ی پاراست، له دوایدا جگه له ٢ هه‌ڤاڵی بریندار، خۆی و هه‌موو هه‌ڤاڵانی تیمه‌که‌ی شه‌هیدبوون”.
“له‌ناو گه‌لدا نوێنه‌رایه‌تیی فه‌لسه‌فه‌ی ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌کرد”
ئه‌بو ئه‌حمه‌د که‌فه‌رزگر یه‌کێک له شه‌ڕڤانه‌کانی شه‌هید باکور، باس له‌وه ده‌کات: “پێش ئه‌وه‌ی فه‌رمانده باکور شه‌هید ببێت، له شه‌ڕی گه‌ڕه‌کی موخابه‌راتدا پێکه‌وه بووین، نه‌خۆش بوو، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش به به‌رده‌وامیی شه‌ڕی ده‌کرد”.
هه‌روه‌ها جیهان خدرۆ یه‌کێک له نوێنه‌رانی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکووری سوریا له‌باره‌ی شه‌هید باکووره‌وه باسی ئه‌وه‌یکرد: ” شه‌هید باکور یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو، که نوێنه‌رایه‌تیی فه‌لسه‌فه‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی به باشترین شێوه له ناو گه‌لدا ده‌کرد، باسی ڕێبه‌ری بۆ ده‌کردین و ئێمه به به‌رده‌وامی پشتیوانی و وره‌مان لێوه‌رده‌گرت”.
“پێشه‌نگی به‌رخۆدان بوو”
مه‌زڵوم خه‌لیل یه‌کێکى دیکه له شه‌ڕڤانه‌کانی به‌رخۆدانی حه‌له‌ب ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: “گه‌نجان وره‌یان له فه‌رمانده باکووره‌وه وه‌رده‌گرت فێری ده‌کردین که ده‌بێت چۆن شه‌ڕ بکرێت و وره‌ی به هه‌موو که‌س ده‌به‌خشی. ده‌یوت ‘شێخ مه‌قسود ناموسمانه و نابێت له ده‌ستی بده‌ین’. له ٣هه‌مین ڕۆژی شه‌ڕدا ئه‌بو نوور یه‌کێک له فه‌رمانده‌کانی جه‌بهه‌تول ئه‌کراد شه‌هید بوو. هه‌ڤاڵ باکور وره‌ی ده‌داینێ و ده‌یوت ‘نابێت وره‌تان بڕوخێت. نابێت خوێنه‌که‌ی به‌فیڕۆ بچێت و ئه‌و شوێنانه‌ی که له ده‌ستمانداون ده‌بێت به ده‌ستیان بهێنینه‌وه’. ئێمه‌ش به شه‌ڕ گه‌ڕاینه‌وه و ئه‌و کۆڵانانه و ئه‌و شوێنانه‌ی له ده‌ستمان دابوون، کۆنترۆڵمان کردنه‌وه”.
مه‌زڵوم خه‌لیل له‌باره‌ی دوایین ساته‌کانی شه‌هیدبوونی فه‌رمانده باکووره‌وه وتی: “دوژمن هه‌موو ٣ بۆ ٤ خوله‌کێک تۆپێکی ده‌نا به سه‌نگه‌ره‌کانمانه‌وه، به‌و هۆیه‌وه هه‌ڤاڵ هاروون شه‌هید بوو. سه‌نگه‌ره کۆنکرێتییه‌که خاپوور بوو، تاکه ڕێگا به‌ره‌و لای هه‌ڤاڵان ئه‌و ڕێگایه بوو، من و هه‌ڤاڵ باکور ڕێگاکه‌مان کرده‌وه، ئێمه هه‌ڤاڵ هاروونمان ده‌رهێنا و بردمان بۆ لای هه‌ڤاڵان، دواتر تۆپێکی تر ته‌قێنرا، به‌هۆی ئه‌و تۆپه‌وه ٢ هه‌ڤاڵی تر شه‌هید بوون، هه‌ڤاڵ باکوور بریندار بوو، دواتر له هه‌ڤاڵانم بیست، که له ده‌ورووبه‌ری کاتژمێر ٨ بۆ ٩دا هه‌ڤاڵ باکور به‌هۆی قورسی برینه‌که‌یه‌وه شه‌هید بووه”.
باکور، له باشوره‌وه بۆ باکور و له‌وێشه‌وه بۆ ڕۆژئاوا
بروسک جه‌مال سابیر، ناسراو به باکور جیلۆ، له ساڵى ١٩٨٤ له شارى سلێمانى له‌دایکبوو، له ساڵى ١٩٩٦ له ته‌مه‌نێکى زۆر که‌مدا چووه چیاکانى کوردستان، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌که‌یان په‌یوندییه‌کى به‌هێزیان به شۆڕشى ئازادییه‌وه هه‌بوو.
شه‌هید باکور چه‌ندین ساڵ له باکورى کوردستان تێکۆشانى کردوه، دواى شۆڕشى ڕۆژئاوا، شه‌هید باکور چووه باکورى سوریا و بووه یه‌کێک له فه‌رمانده‌کانى یه‌په‌گه و جه‌نگاوه‌رانى ئازادیی.
شه‌هید باکور ڕۆژى ٥ى نیسانى ساڵى ٢٠١٦ له گه‌ڕه‌کى شێخ مه‌قسود له حه‌له‌ب له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێکیدا شه‌هید بوون، ته‌رمى شه‌هید باکور له ڕۆژئاواى کوردستان به‌خاکسپێردراوه.
شه‌هید باکور سێیه‌مین شه‌هیدى بنه‌ماڵه‌که‌یه‌تى و ساڵى ١٩٩٧ له هه‌رێمى زاگرۆس برایه‌کى شه‌هید باکور به ناوى هیوا، شه‌هید بووه، هه‌روه‌ها برایه‌کى دیکه‌ى به ناوى سیامه‌ند که ئه‌ویش گه‌ریلا بووه، له چیاکانى کوردستان شه‌هید بووه.
بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و سێ شه‌هیده یه‌کێکن له نه‌ماڵه نیشتمانپه‌روه‌ره‌کانى سلێمانى و کوردستان، ئه‌وان به‌هۆى هه‌ڵوێسته نیشتمانییه‌کانیانه‌وه چه‌ندین جار له‌لایه‌ن ڕ‌ژێمى پێشوى به‌عسه‌وه توشى ئازار و ڕاوه‌دوونان بوونه‌ته‌وه.
ک.ک