قائیمقامیەتی کەرکوک، بە پاساوی زێدەڕۆیی و ناشیرینکردنی سیمای شار، شوێنکاری ٢٠٠ کاسبکاری لە بازاڕی گەورەی شارەکە ڕووخاند، کاسبکارانیش پاشماوەی شوێنەکانیان سووتاند.
ماوەی دوو ڕۆژە تیمەکانی قائیمقامیەت بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فەلاح یایچی قائیمقامی ناوەندی کەرکوک، دەستکراوە بە رووخاندنی کەپر و شوێنی کارکردنی کاسبکارانی بازاڕی گەورەی کەرکوك.
بەپێی ڕاگەیاندراوی قائیمقامیەت، ٢٠٠ کەپری کاسبکارانی بازاڕی گەورە ڕووخێندراون، کە بە زیادەڕۆیی دروستکرابوون.
ڕووخاندنی شوێنکارەکانیان، کاسبکارانی توڕەکرد و بە سووتاندنی پاشماوەی شوێنەکان، ناڕەزاییان دەربڕی.
محەمەد عوسمان، یەکێکە لەوکەسانەی کەپرەکەی ڕوخێنراوە بۆ ڕۆژنیوز وتی:”بێ بێ ئاگادارکردنەوە پێشوەختە لیژنەکانی قائیمقامیەت و خودی قائیمقام هاتنە سەرمان و بەبیانووی زێدەڕۆیی، کەپرە و شوێنی کارەکانمانیان ڕووخاند، زیاتر لە ۲۰۰خانەوادە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم کارەیە کە پێداویستیی ژنان دەفرۆشن، بۆیە داوا دەکەین جێگەیەکمان بۆ دابین بکرێت، ناکرێت ئەو خەڵکە بێ کاروکاسبی بمنێتەوە”.
بازاڕی گەورە کەرکوک دەکەوێتە سەنتەری شارەکە و لە قەیسەری کەرکوک تا تەنیشت قەڵا و سەر پردەکە دەگرێتەوە.
ش.ف