شیلان عوسمان گۆرانییەکی عەباسی کەمەندی دەڵێتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ شیلان عوسمان، گۆرانییەکی هونەرمەندی کۆچکردوو عەباسی کەمەندی دەڵێتەوە و نیگەرانییش نیشان دەدات، کە لەژێر ناوی تازەگەرییدا گۆرانیی هونەرمەندە ناودارەکانی کورد لە ڕەسەنایەتیی دووردەخرێنەوە.


شیلان عوسمان، یەکێکە لەو ژنانەی لە کە لە ساڵی نەوەدەکان بە بڵاوکردنەوەی گۆرانیی 'عەشق باران' چووە ناو دنیای هونەر و گوێگرێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆکردەوە، ئەگەرچی لەو ساڵانەدا لە باشوری کوردستان بەشداریی ژنان لە هونەردا زۆر سنووردار بوو، بەڵام شیلان بوو بە ژنێکی ڕێچکەشکنێن و هونەری کرد بە بەشێک لە ژیانی.

شیلان عوسمان، لە ساڵی ١٩٨٠ لە شاری سلێمانی  دایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٤ دەستی بە گۆرانیی وتن کردووە، سەرەتای کارەکانی لە بۆنەکانی وەک نەورۆز و ٨ی ئازار، لە خوێندنگاکانەوە بووە و دواتر یەکەمین بەرهەمی لە ساڵی ١٩٩٧ یەکەمین بەرهەمی خۆی بە ناوی 'عەشق باران' تۆمار کردووە.

شیلان، لە ڕابردوودا ئەندامی گروپی میوزیکی کیژانی سلێمانی و گروپی لوڕ بووە، هەروەها لەگەڵ زۆرێک لە گروپەکانی وەک شنروێ و سلێمانی، بەشداری لە کارە هونەرییەکان کردووە و خاوەنی ٢٣ کلیپە.

 شیلان دایکی سێ منداڵە و هاوسەری هونەرمەندی میوزیک ژەن جەنگین جەمال-ە و لەکارە هونەرییەکاندا هاوکاریی یەکتر دەکەن.

شیلان عوسمان، ماوەی ٥ ساڵ لە کاری هونەری دوورکەوتەوە، ڕۆژنیوز هۆکاری ئەو دابڕانەی لێپرسی و لە وەڵامیشدا شیلان، گەڕاندییەوە بۆ نیگەرانیی لە هونەرمەندە نوێیەکان و وتی: بەهیچ شێوەیەک لە گەڵ ئەوەدا نیم، کە ئەم گۆرانیبێژە تازانە کلتوری وڵاتانی دیکە دەهێنن و تێکەڵی کلتوری خۆمانی دەکەن، بەڕاستیی من زۆر زۆر خەجاڵەتی هونەر دەبم و بە داخەوەم کە گۆرانییە ڕەسەنەکانی هونەرمەندانی وەک عەلی مەردان، حەسەن زیرەک و عەباسی کەمەندی بەم ستایلە تازەگەرییە تێک دەدەن و لە ڕەسەنایەتیی خۆی دووری دەخەنەوە.

شیلان عوسمان، پێیوایە، دەبێت هونەرمەند سەنگ و قورسایی خۆیی نیشان بدات، هەر لە دەرکەوتنیەوە لە سەر سەکۆی شانۆ تا دەگات بە گۆرانی و تێکست و هەموو پێوانەکانی گۆرانی وتنی تێدا بێت و مۆرکی نەتەوەیی بپارێزێت.

ئەو هونەرمەندە، ساڵی ڕابردوو بە گۆرانیی کۆچ دووبارە چووەوە ناو دنیای هونەر لەئێستاشدا سەرقاڵی تۆمارکردنی گۆرانیی سەوزە سەوزەی هونەرمەندی کۆچکردوو عەباسی کەمەندی-یە.

شیلان عوسمان، باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد کە ئەرکێکی پیرۆزیان لەبواری هونەریی لەسەرشانە، کە وەک چۆن ژنێکی شۆڕشگێڕ هەموو ژیانی و خەباتی بۆ گەلەکەیەتی، یاخود دایکێک چۆن هەوڵدەدات بۆ پەروەردە کردنی کۆرپەکانی، ژنە هونەرمەندەکانیش دەبێت بتوانن خزمەت بە هونەرەکەیان و خودی خۆیان و نەتەوەکەیان بکەن، هەروەها ڕێگربن لە شێواندنی هونەر.

کۆچ