شیوعی: بە یەکڕیزیی ڕووبەڕووی سیاسەتی داگیرکارییانەی تورکیا ببنەوە

حزبی شیوعی کوردستان بە توندیی ئیدانەی پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و داواش لە گەلی کورد دەکات بە یەکڕیزیی ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورک ببنەوە.


مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بە پەلاماردانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

تەواوی ڕاگەیەندراوەکە:

دەستکەوتەکانی  گەلەکەمان لە رۆژئاوا و سەرکەوتنی لە پێکهێنانی ئیدارەیەکی  خۆجێیی لەسەر خاکی نیشتمانەکەی و سەرکەوتنی بەسەر داعشدا، سەرجەم دوژمنانی گەلی کوردستان و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی دوچاری نیگەرانی و شڵەژان کرد.  لەوساوە تاکو ئێستا حکومەتی تورکیا زۆر بە زەقی بەقسە و کردار  کەوتە دوژمنایەتی کردنی ئەزموونی حکومڕانی  گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و دواتریش بەبەرچاوی هەموو دنیا شاری عەفرینی داگیر کرد و تەوای خەڵکی سەربەرزی ئەو شارەی ئاوارەکرد.

هەڵبەت دوژمنایەتی تورکیا بۆ ئەزمونی رۆژئاوا بەمە نەوەستاوە و لەئێستادا تورکیا دەستی بە هێرش وپەلاماری خۆی بۆسەر تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە و دەیەوێت تەواوی ئەم پارچە ئازیزەی نیشتمانەکەمان داگیربکات، جگە لە بەردەوامبوونی لە پێشێلکردنی خاکی کوردستانی باشور کە بەپێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە.

  ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان ئەم سیاسەتە شەڕانگێزی و داگیرکارییەی تورکیا بەتوندی مەحکوم دەکەین و داوا لەنەتەوەیەکگرتووەکان و تەواوی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکەین لەسەرئاستی جیهان وناوچەکە ڕێگانەدەن تورکیا ئەم لەشکرکێشی و سیاسەتە دوژمنکاریەی جێبەجێ بکات کەدژی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی گەلان و مرۆڤە بەگشتی، و دەبێتە ھۆی ئەنجامدانی کارەساتێکی مرۆیی لە رۆژئاوا، جگە لەوەی رێگا بۆ سەرھەڵدانی داعش و میلیشیا تیرۆریستییەکانی دیکە خۆش دەکات، ئەمەش نەک تەنھا مەترسی لەسەر گەلانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، بەڵکو مەترسی لە سەر ئاسایشی جیھان ھەیە.

حزبمان ناڕەزایی خۆی سەبارەت بە ھەڵوێستی وڵاتە زلھێزەکان دەردەبڕێت کە شەرمنانە و بێ ھەڵوێست و دوور لە بەھا و رەوشتی نێودەوڵەتی مامەڵە لە گەڵ پەلامەردانی خەڵکی بی دیفاعی کوردستان لە لایەن ھێزەکانی تورکیاوە دەکەن، لە کاتێکدا ئەم ڕەوشە پێویستی بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە کە پێویستە بریارێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ھێرشی تورکیا وەرگرێت.

حزبمان داوا لەگەلەکەمان و سەرجەم حزبەکانی ڕۆژئاواش دەکات بەوپەڕی یەکڕیزی و یەگرتوویی ڕووبەڕووی سیاسەتی داگیرکاریانەی تورکیاببنەوە، و پاراستنی ئەزموونی ڕۆژئاوا کەبەخوێنی گەشی یازدەهەزار شەهید و برینداربوونی زیاتر لە سی هەزارکەس لەڕۆڵەکانی گەلەکەمان هاتۆتە بەرهەم بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەکایان. هەروەها داوا لەڕۆڵەکانی گەلەکەمان  لەسەرجەم پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین بەنووسینی یاداشت وچالاکی مەدەنی پاڵپشتی گەلەکەمان بن لەڕۆژئاوای کوردستان ، هەڵبەت یەگرتوویی و یەکێتی کارکردن ڕۆڵێکی گەورەدەبینێت لەتێکشکاندنی پیلانی داگیرکارانەی تورکیا .

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

٩/تشرینی یەکەمی ٢٠١٩