شێخ لەتیف: خەڵک نەبوونی فڕۆکەخانەی پێباشترە لە گرتنی ئازادیخوازان

حاکم شێخ لەتیف، پسپۆڕی دەستووریی ئیدانەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکات، کە دوێنێ لە پارکی ئازادیی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکران، دەڵێت: ئەگەر گرتنی ئەو کەسانە بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بێت، خەڵکی سلێمانی نەبوونی فڕۆکەخانەی پێ باشترە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە.


بڕیاربوو دوێنێ لە سەکۆی ئازادیی لەناو پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، یادی هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بکرێتەوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانیی ڕێگریی لە یادەکە کرد و ٥٢ کەسیشی دەستگیرکرد.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، ئاسایش چەند ژنێکی ئازادکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە دەستگیرکراوەکان لە زیندان و پیاوەکان لە زیندانی کانی گۆمە مانیان لە خواردن گرتووە، ژنەکانیش چارەنووسیان نادیارە.

حاکم شێخ لەتیف، سیاسەتمەدار و پسپۆڕی دەستووری، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، داوای ئازادکردنی ئەو کەسانە دەکات بە کارێکی "زۆر ناڕەوا"ی دادەنێت و دەڵێت: هیواخوازم دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز واز لەم کارانە بێنن، ئەمە دژ بە هەڵوێستی نیشتمانیی و نەتەوەییە، بەڕاستی ئەمە لەژێر فشاری دەوڵەتی تورکیادا دەکرێت، ئەمە خۆیانی پێ دەشکێت و سوودی لێ نابینن، ئەمە هەست و سۆزی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەم کەیسە زیاد دەکات.

ئەو پسپۆڕەی دەستوور، دەستگیرکردنی ئەو ٥٢ کەسە و ڕێگریکردن لە یادکردنەوەی ئەو سێ ژنی شۆڕشگێرە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، بە "کارێکی تەواو پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراق"ی دادەنێت و ئەوە دەخاتەڕوو: دەستووری عێراق دەستەبەری ڕادەربڕینی ئازادی کردووە بەشێوازی مەدەنی، ئەو گردبوونەوەیەشی کە دوێنێ کراوە، لە شوێنێکی ڕێپێدراو کراوە و شێوازی مەدەنییان گرتووەتە بەر، ڕێگریکردن لەو چالاکییە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەش، سەرپێچی یاسا و دەستوورە.

لەناو ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، بەشێکیان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی و وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی و لایەنگری ئەو پارتەن، کە پارتێکی مۆڵەتپێدراوە لە حکومەتی عێراق، وەک حاکم شێخ لەتیف دەڵێت: دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و داوای قەرەبووش بکەن، بەتایبەتی ئەگەر بێت و ئەوانە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکرابن.

حاکم شێخ لەتیف، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕووی دەمی لە دەسەڵاتدارانی سنووری سلێمانی دەکات و دەڵێت:"هەرچی بۆ دەوڵەتی تورک بکەن قایل نابێت و داوای زیاتریان لێدەکات، شاری سلێمانیش بە ئازادییەوە جوانە، ئەم ئازادییەش ناتوانرێت زەوت بکرێت و زیان بەخۆیان دەگەیەنێت، ئەوان وا چەند ڕۆژێکیش ئەو کەسانەیان لە زینداندا تووند کرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە زیاتر لای خەڵک ناشرین دەبن".

لە کۆتاییشدا حاکم شێخ لەتیف، دەڵێت:"ئەگەر گرتن و ڕاوەدوونانی ئەو کەسە ئازادیخوازانە بۆ کردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بێت، زۆرینەی خەڵکی سلێمانی نەبوونی فڕۆکەخانەی پێ باشترە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە".

د.ع