لەسەر ڕەخنەگرتن لە مەسرور بارزانی، شێروان شێروانی جارێکی دیکە و لەناو زینداندا سزادرایەوە.
لەبەرامبەر ئەوەی لە گفوتگۆیەکدا لەگەڵ دەزگای میدیایی درەو، ڕۆژنامەنووسی حوکمدراو شێروان شێروانی ڕەخنەی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم گرتبوو، شێروان شێروانی لەناو زینداندا سزادرا.
بارزان شێروانی، برای شێروان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پرسیاری کردووە، ‘دیموکراسیەکەی مەسرور بارزانی ئەمە بوو؟؟’.
بارزان نووسیویەتی:”دوای تێپەربوونی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە بڵاوبوونەوەی پەیامی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی لە زینداندا، ئەمڕۆ شێروان شێروانی لەسەر ئەو پەیامە لەزیندان دا سزادرا و بەڵێننامەیان پێ پڕکردووتەوە، کە نابێت ھیچ جارێکی تر قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان بکات”.
بارزان ئاشکرای کردووە، لەکاتی پڕکردنەوەی بەڵێننامەکەدا، شێروان شێرونای لەخوارەوە بە تیبینیی نووسیویەتی، ئەگەر هەر پێشێلکارییەکی دیکەی لەبەرامبەر ئەنجام بدرێت، ئەوا بەڵێننامەکە دەشکێنێت.
ڕاشیگەیاندووە”ھەر پێنج خولەك دوای تێپەربوونی پرکردنەوەی ئەو بەڵێننامەیە تەلەفۆنەکەی بلۆك کراوە و لە هۆڵەکە گواستراوەتەوە بۆ هۆڵێکی دیکە، ئەوەش پێچەوانەی مافی سزادراوانە و بەدەر لە ڕێنماییەکان ئەم سزایەی بەسەردا سەپێندراوە”.
بارزان ڕایگەیاندووە، شێروان لە ئەمڕۆوە تاکو ١٥ ڕۆژی دیکە سزادراوە و مافی قسەکردن بە تەلەفۆنی لێسەندراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەی نێوان محەمەد ڕەئوفی سەرنووسەری دەزگای میدیایی درەدا، شێروان شێروانی ئاماژەی بە دیدارەکەی مەسرور بارزانی و بەشیک لە ڕۆژنامەنووسان کردبوو، هەروەها ڕەخنەی لە مەسرور بارزانی گرتبوو.
شێروان ڕایگەیاندبوو:”لەبارەی وتەکانی مەسرور بارزانی لە دیداری لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس چەند سەرنجێکم هەبوو، ئەوەش ئەوەیە من لەسەر دنیابینی کەسێک قسەم هەیە، کە پۆستەکەی وەک میرات بۆ ماوەتەوە و سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بنەماڵەیین و باسی دیموکراسیی و ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، لە دنیابینی خۆیان تەماشای ئەو دەستەواژانە دەکەن و هیچ بڕوایەکیان بەو ناوانە نیە.
شێروان ڕاشکاوانە باسی لەوە کردبوو”مامەڵەی پیاوەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئێمە لەکاتی لێکۆڵنەوە لەناو زیندانەکان لەگەڵ ئەو قسانەی یەکی نەدەگرتەوە، کە لە دیداری لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لەبارەی مافی مرۆڤ وئازادیی دەیکرد”.
هەروەها، وتبووی:یەکێک لە تۆمەتەکانی سەر دەستگیرکراوانی بادینان ئەوەیە، کە گوایە ویستومانە ئاسایشی نەتەوەی تێکبدەین، لەکاتێکدا لەماڵی خوشکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکاندا دەستگیراوە بەسەر چەکێکی جۆری تاپڕدا، ئاخر حکومەتێک چۆن بە تاپڕ دەڕوخێت؟!.
شێروان ئەوەشی وتبوو: لەکاتێکدا مەسرور بارزانی لە دیداری لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان چەندین جار داوای لێکردن، کە پیشەییانە کاری خۆیان بکەن، بەڵام ئێمەی ڕۆژنامەنووس لەکاتێکدا زۆر پییشەییانە ئەرکی خۆمان لەبارەی بەتاڵانبردنی نەوت و نهێنی ناو زیندانەکان ئاشکرا دەکرد، تۆمەت درایە پاڵمان و دەستگیرکراین.
جێگای ئاماژەیە، لە ٧-١٠-٢٠٢٠، شێروان شێروانی لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا و دواتر لە ١٦ی شوباتی ئەمساڵ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، لە دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر چەندین تۆمەتیان خستە پاڵی و لەگەڵ چوار ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دیکەدا، هەریەکە و بە شەش ساڵ زیندانیی، سزادران، دواتر لەژێر فشاری ئازادییخوازاندا سەرۆکی هەرێم بڕیاریدا ٥٠٪ی سزاکەی شێروان و ٦٠٪ی سزای هاوڕێکانی کەم بکرێتەوە.
ش.ف