شەشەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەخشرایە دەمیرتاش

لە مەراسیمی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی-دا، شەشەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەخشرایە نوسەر و سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان، سەڵاحەدین دەمیرتاش، خەڵاتەکە لەلایەن نوێنەرایەتی هەدەپەوە وەرگیرا.


لە درێژەی چالاکییەکانی ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانیدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی سنورەکە و شار و شارۆچکەکانی دیکە، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مەراسیمێک بۆ بەخشینی شەشەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو.

سەرەتا وتاری مەراسیم لەلایەن دڵشاد ئەنوەر ڕۆژنامەنوس، هاوڕێ و هاوپیشەی کاوە گەرمیانی خوێنرایەوە، پاشان وتاری سەنتەری میترۆ و پارێزەرەکەی کاوە گەرمیانی و خانەوادەی کاوە گەرمیانی و چەندین وتار و پەیامی دیکە پێشکەشکران لەلایەن ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانەوە، لە تەواوی وتارەکاندا ئەماژە بەوە کرا کە دەبێت دەستی پشت تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئاشکرا بکرێت.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، شەشەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی کە ساڵانە لەلایەن ڕادیۆی دەنگەوە ئامادە دەکرێت و هەموو ساڵێک لە یادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی-دا، لەسەر پێوەری بەرەو پێشبردنی فەزای سیاسی و ئازادی و پێشخستنی ئەزموون و کارکردن و تێکۆشان لە پێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان و پێشخستنی میدیای ئازاد دا دەبەخشرێته کەسایەتییەک.

ئەمساڵ خەڵاتەکە بەخشرایە نوسەر و سیاسەتمەداری زیندانیکراوی باکوری کوردستان سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ سەبارەت بە دەستنیشانکردنی دەمیرتاش بۆ ئەو خەڵاتە وتی: وەکوو کەسایەتییەکی ناسراو دۆسیەکەی بۆتە دۆسیە و خەمی هەموومان، وەکوو سیاسەتمەدارێک لێبڕاوانە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و بەتایبەتی مافی خوراوی نەتەوەکەمان دەکات، لەو پێناوەشدا زۆر ئاستەنگی و هێرشی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کە دواینیان زیندانکردنیەتی. 

 خەڵاتەکە لەلایەن شیرین ئەمین هاوژینی کاوە گەرمیانییەوە بەخشرایە، موزەیەن گونەش، لەسەر ناوی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان و پاشان پەیامی دەمیرتاشی لە زیندانەوە بۆ مەراسیمەکە و ئامادەبووان خوێندەوە.

ب.ش