شەش زرێپۆش کەوتنە بۆسەی گەریلاکانەوە

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستا لەسەر ڕێگای بازید – ئیدر، کاروانێکی زرێپۆشەکانی سوپای تورکیان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا گورزی قورس لە زرێپۆشێکی جۆری کیرپی دراوە و سوپای تورک کوژراو و برینداریی هەبووە.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەگەپە، دەربارەی چالاکیی گەریلاکان و هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک، ڕاگەیانداروێکی بڵاوکردەوە.

هەپەگە ڕایگەیاند:"لە هەرێمی سەرحەد هێزەکانمان دوێنێ ١٣ی نیسان، لە کاتژمێر ١٠:٠٠ دا لەسەر ڕێگای بازید – ئیدر لە دژی کاروانێکی پێکهاتوو لە شەش زرێپۆشی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر چالاکییان ئەنجامدا، لە کاتی چالاکییەکەدا هەندێک لە زرێپۆشەکان لە شوێنی چالاکییەکە هەڵهاتن و زرێپۆشکی جۆری کیرپی گورزی قورسی لێدرا و نەیتوانی لە شوێنی چالاکییەکە هەڵبێت".

هەپەگە دەربارەی چالاکییەکە ڕوونیکردووەتەوە "بەهۆی گورزی هێزەکانمانەوە زیانێکی زۆر بەو زرێپۆشە گەیشت، سێ کاتژمێر دوای ئەو چالاکییە، هێزەکانی دوژمن چوونە شوێنی چالاکییەکە و دەستیانکرد بە گواستنەوەی سەربازە کوژراو و بریندارەکانیان".

ڕاشگەیاندووە "هێزەکانی دوژمن لە دوای ئەو چالاکییە کاریگەرە، بە چەکی قورس دەورووبەری شوێنی چالاکییەکەیان بۆردوومانکرد، بەڵام هیچ زیانێک بە گەریلاکانمان نەگەیشتووە".

دەربارەی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک، ڕاگەیاندنی هەپەگە چەند زانیارییەکی خستووەتەڕوو "دوێنێ ١٣ی نسان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان بۆردمانکرد، هەردوێنێ کاتژمێر ٠٩:٣٠ لە ناوچەی باسای ئاڤاشین و کاتژمێر ١١:٠٠ بۆ ١١:٣٠ ناوچەی کارۆخ لە قەندیل، ناوچەی ئەشکەوتی برینداران لە زێ، شاخی شەهید هێمن لە خواکورک و لە کاتژمێر ١٦:٠٠ بۆ ١٦:٣٠ شاخی شەهید دیرەن و ئاڤاشین، ناوچەی ئاریس-فاریس و مام ڕەش-یان بۆردومانکرد.، لە ئەنجامدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە".

س.ح