شەش ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، واتا ٦ی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش هێرشێکی بەرفراوانیان کردەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور.
چەتەکانی داعش ڕۆژی ١٠ی مانگی ٧ی ٢٠١٤ هێرشیان کردەسەر موسڵ و لە ماوەیەکی کەمدا ئەو شارەیان داگیرکرد، بە پاشەکشەی سوپای عێراق، چەتەکان هیچ هێزێکیان لە بەرامبەر خۆیان نەبینی و ڕۆژی ٣ی ئاب هێرشیان کردەسەر شەنگال و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، دوای ئەوەش ٦ی ئاب هێرشیان کردە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور، هێزەکانی پەدەکە، کە پێشتر شەنگالیان جێهشتبوو، ئەمجارەش بەر لە هێرش بۆسەر مەخمور پشتیان لە پەنابەران کرد و ناوچەکەیان جێهێشت.
کامپەکەش بە ئامانجی پاراستنی ژن و منداڵ و بە ساڵاچووان چۆڵکرا و زۆربەی دانیشتووانەکەی ڕوویان لە ڕانیە و هەولێر کرد، ڕۆژی ٧ی ئاب چەتەکان هاتنە ناو کامپەکەوە، هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی لە مەخمور- هەپەجە، بە هاوکاریی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، ڕووبەڕووی چەتەکان بوونەوە و بەرخۆدانیان کرد، لە ڕۆژی ٨ی ئاب ڕۆژنامەنووس دەنیز فرات، کە بەرخۆدانەکەی ڕۆماڵ دەکرد شەهید بوو.
دوای بەرخۆدانێکی بێوێنە، ڕۆژی ١١ی ئاب کامپەکە لەلایەن گەریلا و هێزەکانی هەپەجەوە لە چەتەکان پاککرایەوە، بەو شێوەیە یەکەم تێکشکانی چەتەکانی داعش کە ترس و خۆفێکی گەورەیان لە عێراق دروستکردبوو تۆمارکرا، هەروەها شارۆچکەی مەخموریش ڕزگارکرا، لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانەدا کە دوای ماوەیەک پێشمەرگەکانیش بەشداری بوون، مەترسیی لەسەر هەولێر هەڵگیرا.
ڕۆژی ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٤، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار و هێزەکانی هەپەجەی کامپەکە، بۆ پاککردنەوەی دەوروبەری مەخمور لە چەتەکانی داعش، ڕوویان لە گوندەکانی دەوروبەر کرد، لەم هەنگاوەدا دەیان چەتەی داعش کوژران، هەروەها سێ گەریلاش بەناوکانی؛ سیابەند زاپ، ئاڤێستا هارون فرات و دیار شەرەوی شەهید بوون، ٤٠ ڕۆژیش دوای ڕزگارکردنی کامپەکە هاوڵاتیان جارێکی دیکە گەڕانەوە کامپەکە.
ئەگەر ئەو ڕۆژە مەخمور لەلایەن گەریلا و هێزەکانی هەپەجەی کامپەکە نەپارێزرابا و ڕزگار نەکرابا، ئەمڕۆش هەولێر ئەو ئارامییەی نەدەبوو، بەو بەرخۆدانە نە تەنها مەخمور پارێزرا، هاوکات هەولێریش پارێزرا.
ساڵی ٢٠١٤ـدا یەکگرتن و یەکێتی هێزە کوردییەکان پێکهات، کە بووە جیگای دڵخۆشی، چونکە گەریلا، هەپەجە و پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان خوێنین ڕژاند، خەڵکی مەخمور بۆ پاراستنی باشوری کوردستان خۆیان کردە قەڵغان و خاکی خۆیانیان پاراست.
لەو کاتەوە داعش دوو جاری دیکەش هێرشی کردەسەر کامپەکە
ساڵی ٢٠١٦ جارێکی دیکە چەتەکانی داعش بە شێوەیەکی شاراوە دزەیان کرد ناو کامپەکە، لەو هێرشەدا گەریلای یەژاستار دەنیز بنەڤش و هاوڵاتییەک بەناوی ڕووشەڤ شەهید بوون، هاوکات چەتەیەکی داعش کوژراو یەکێکی دیکەشیان خۆی تەقاندەوە.
ڕۆژی ٢ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ جارێکی دیکە چەتەکانی داعش هێرشیان کردەسەر کامپەکە، کە لە ئەنجامیدا سێ شوانی دانیشتووی کامپەکە برینداربوون و گەریلایەکی هەپەگەش بە ناوی بێکەس ئورمیە شەهیدبوو، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەدا دوو چەتەش کوژران.
مەخمور هەولێری پاراست و ئێستا لەژێر گەمارۆی هەولێر دایە
سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، دوای بەرخۆدانی مەخمور سەردانی کامپەکەی کرد و سوپاسی خۆی پێشکەشی هاوڵاتیان و گەریلا کرد، بەڵام ئەمە زیاتر لە ساڵێکە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەمارۆیەکی قورسیان خستووەتە سەر کامپەکە، هاوڵاتیان ناتوانن بچنە هەولێر، لە ئەنجامی ڕێگرییەکانیش چەندین دایکی دووگیان منداڵیان لەبارچووە، ئەو نەخۆشانەی نەخۆشیی درێژمەودایان هەیە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانی پزیشک و نەخۆشخانە لە هەولێر بکەن، هەروەها سەدان کرێکار کارەکانیان لەدەستداوە، ئەم گەمارۆیە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش بەردەوامیی پێدرا و ڕێگە نەدرا هاوکاری پزیشکی بچێتە کامپەکەوە.
سەرەڕای ئەوەی شەش ساڵ بەسەر ئەم هێرشەوە تێپەڕیوە، هێشتاش مەترسی هێرشی چەتەکانی داعش لە شاخەکانی دەوروبەری مەخمور هەیە.
ش.ف