شەنگال، بۆ دانەبڕانیان لە خوێندن منداڵان پەروەردە دەکرێن

بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تا ئێستا خوێندنگاکانی شەنگال نەکراونەتەوە، بە ئامانجی پەروەردەکردنی منداڵان، ناوەندی گەنجانی دیگۆرێ خولێکیان بۆ منداڵان کردووەتەوە و وانەکانی خوێندن دەڵێنەوە.


بۆ دوانەکەوتنی منداڵان و دانەبڕانیان لە خوێندن، ناوندی گەنجانی دیگۆرێ'ی سەربە شەنگال، خولێکی پەروەردەییان بۆ منداڵانی سنوورەکە کردەوە.

هەیفا سەید ئەندامی ناوەندەکەیە، دەربارەی خولەکەیان بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی: بەهۆی داخستنی خوێندنگاکان و قەدەغەی هاتووچۆوە خوێندکاران لە خوێندن دورکەوتوونەتەوە و بۆشاییەک دروستبووە، ئێمەش بۆ گەڕانەوەی منداڵان خولێکمان دەستپێکردووە، ئەو وانانەیان پێدەخوێنین کە لە خوێندنگاکان دەخوێندرێن.

هەیفا ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە شەنگال تۆمار نەکراوە، بەڵام "ئێمە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروستنەبێت، لە دوو کاتدا وانەکان دەڵێینەوە، ئەویش بەشێکی بەیانیان و بەشێکی ئێوارانە".

منداڵان بە خولەکە خۆشحاڵن و سوپاسی ناوەندی گەنجان دەکەن، هەروەها دەڵێن، ئەم خولە زۆر بە سوود و باشە بۆ ئەوان و پشتیوانیان دەبێت کە لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵدا نمرەی باش بەدەستبهێنن.

ناوەندی گەنجانی دیگۆرێ، لە کۆمەڵێک گەنجی کچ و کوڕی خۆبەخش پێکدێت و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجا مدەدەن.

س.ح