"شەنگال بەڕێوەبەرێک قبوڵ ناکات کە بە زۆر بسەپێنرێت"

قاسم موراد ئەندامی بەڕێوەبەری پادێ، لەسەر سەپاندنی قایمقام و ئەنجومەنی شەنگال وتی: خەڵک باشتر دەزانێت کێ خزمەتیان دەکات، بۆیە پێویستە خەڵکی شەنگال خۆیان قایمقام و ئەنجومەنی شار هەڵبژێرن.


ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێزدی لە بەرامبەر هەوڵدانەکان بۆ گەڕاندنەوەی مەحما خەلیل، قایمقامی شەنگال و ئەندامانی ئەنجومەنی شەنگال کە لە لایەن پەدەکەەوە دانراون و دووجار لە شارەکە ڕایان کردووە و گەلیان بەجێهێشتووە، بەردەوامە.

گەلی شەنگال بە یاداشتنامەیەکی فەرمی ڕایانگەیاندووە ئەوان ڕازی نابن مەحما خەلیل قایمقامی شەنگال و ئەندامانی ئەنجومەنی شەنگال، کە لە لایەن پەدەکەـ ەوە دانراون بگەڕێنەوە شەنگال، چونکە ئەوان نەک بۆ خزمەتکردن، بە پێچەوانە بۆ تێکدانی ئارامیی شارۆچکەکە دەگەڕێنەوە.

قاسم موراد، ئەندامی بەڕێوەبەری پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدیان- پادێ، بە ئاماژە بە ئەوەیکە، شەنگالی ئێستا شەنگالی پێش فەرمانەکە نیە، کە هەرکەسێک دەهات و بە مەیلی خۆی بەڕێوەی دەبرد، وتی: ئەگەر گەل بەڕێوەبەرێکیان نەوێت، بۆ هیچ لایەنێک نیە کەسێک بە سەریاندا بسەپێنێت، گەلی ئێمە وەک پێشتر نیە، دەتوانێت خۆێ بەڕێوە ببات، هیچ لایەنێکی سیاسی وەکوو جاران ناتوانێت لەسەر بەرژەوەندی خۆی هەڵسوکەوت لەگەڵ شەنگال بکات.

موراد ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو بەڕێوەبەریەی ئێستا دەیەوێت بگەڕێتەوە ناو شەنگال، پێش فەرمانەکەش لەناو شەنگال بوون، هیچ خزمەتێکیان بە خەڵک نەکرد و چوون، ئەمە بۆ گەل ڕوون بووەتەوە، بۆیە بوونی ئەوان لەناو شەنگال قبووڵ ناکات، ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت خزمەتی گەلی شەنگال بکەن بۆ خۆیان دەبەستنەوە بە لایەنێکی سیاسی؟ ئەو کاتەی حکومەتی عێراق هاتە ناو شەنگال لە بەر هێزی عێراقی ڕایان کرد، بەڵام ئێمە دەزانین ئەوانەی مەبەستیان خزمەتی خەڵک بێت هەموو کاتێک لە ناو خەڵک دا دەمێنن.

قاسم موراد ئاماژەی بە گرنگی خۆبەڕێکخستن کردنی ئێزدیان لە بەرامبەر هێرشەکان دا و وەها شرۆڤەی کرد: بە هۆکاری ئەوەی گەلی ئێزدی پشتی خۆی دەبەست بە هەندێک لایەنی سیاسی، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی گەورە بووەوە، بەڵام ئێستا هێزی خۆپاراستن و ڕێکخراو و دامەزراوەی جڤاکی ئێزدی هەیە، بۆیە کەس ناتوانێت دەسەڵاتداری بەسەر ئێزدیەکانەوە بکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا، قاسم موراد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەنجومەنی شارۆچکەکە و قایمقام وتی: " گەل باشتر دەزانێت کێ دەتوانێت خزمەتیان بکات، بۆیە ئەگەر گەل خۆیان بەڕێوەبەری خۆیان هەڵبژێرن، ئەو ئاڵۆزیەش چارەسەر دەبێت".

 

ک.ک