شەنگال، ڕێوشوێنەکان دژی کۆرۆنا

تادێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان بڵاو دەبێتەوە و قوربانیی زیاتر دەگرێت، لە شەنگالیش دژی ڤایرۆسەکە ڕێوشوێن گیراوەتەبەر و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە.


ڕێوشوێنەکان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید-١٩" لە شەنگال بەرفراوانتر دەکرێت و کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش بەردەوامە لە کارەکانی، داواش لە خەڵک دەکرێت ڕێوشوێنەکان ڕەچاو بکەن و پابەند بن بە ڕێنماییەکان.

حسێن خشمەن، ئەندامی ئاسایش، دەڵێت: وەک هێزی ئاسایش هەمیشە هاوڵاتیان هۆشیار دەکەینەوە کە کۆنەبنەوە، پێویستە خەڵک زۆر نەینە دەرەوە و نەچنە شوێنە گشتییەکان، تا ئێستا کەس لە ناوچەکەمان تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە، بەڵام پێویستە هەموو کەسێک هۆشیارانە هەڵسوکەوت بکات، وەک ئاسایش لەگەڵ شارەوانی و تەندروستی پێکەوە کاردەکەین و گەڕەکەکان دەرمانڕێژ دەکەین، پێویستە هاوڵاتیانیش خۆیان لەم ڤایرۆسە بپارێزن.

ئەحمەد حەیدەر ئەندامێکی ئاسایش دەڵێت: پێویستە خەڵک خۆی بپارێزێت، پێویستە هاتووچۆەکان کەمبکرێتەوە، ئێمەش وەک ئاسایش هاوڵاتیان دەپارێزین، پێویستە هەموو کەسێک کەسوکاری خۆی بپارێزێت.

فەهیمە سلێمان ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبەرایەتی خانەسۆر، دەڵێت: تا ئێستا گومانی ڤایرۆس لێرە نییە، هیواداریشین کە هیچکات نەبێت، لەم دۆخەدا بەتایبەت پاک و خاوێنی زۆر گرنگە، ئێمەش لەم بوارەدا کار دەکەین، هۆشیاریی پێویستمان داوە، پێویستە خەڵکەکەمان خۆی لەم ڤایرۆسە بپارێزێت.

هاشم پیر، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبەرایەتی خانەسۆر دەڵێت: ئەمە چەند ڕۆژێکە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیمانەوە، گەڕەک و شەقامەکان دەرمانڕێژ دەکرێن، لەسەر بابەتەکەش لەلایەن ئاسایش و ئەنجومەنەوە بڵاوکراوە، بڵاو کراوەتەوە، شوێنە گشتییەکان قەدەغە کراون، ئەمە ڤایرۆسێکی مەترسیدارە، پێویستە خەڵکەکەمان ئەمە بزانێت، پێویستە هەموو کەسێک خۆی و کەسوکارەکەی بپارێزێت، ئێمەش شەنگالی خۆمان دەپارێزین.

ک.س