ساڵیادی شەهیدبوونی ‘باشوور سۆران’ە، یەک لەو عەگیدانەی هەولێر، کە لە بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین شەهیدبوو.
لە بەرامبەر هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆسەر عەفرین، بەرخۆدانی مێژوویی ‘سەردەم’ دەستیپێکرد، بەرخۆدانێک لە تەواوی جیهاندا دەنگی دایەوە و لەمێژووشدا بە لینینگراد چوێندرا و ناوی عەفرین بە “عەفرینگراد” دەهێندرا.
‘باشوور سۆران’، یەک لەو شەڕڤانانەبوو، کە بەشداریی لەو بەرخۆدانە مێژووییەدا کرد و خوێنی خۆی لەسەر خاکی عەفرین نەخشاند.
محەمەد هادی ناسرا و بە باشور سۆران، ساڵی ١٩٩٦ لە گوندی سمایل ئاوای هەولێر لە دایكبووە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەچنە شاری هەولێر، تا پۆلی ١٢ ئامادەیی دەخوێنێت و ساڵی ٢٠١٣بڕیار دەدات بەشداری ڕیزەكانی گەریلا ببێت، پاشان دەچێتە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ڕۆژی ٢٥ی كانونی دووەمی ٢٠١٨ لە عەفرین شەهید بوو.
خانەوادەی شەهید باشوور، شەهیدبوونی کوڕەکەیان بەس نابینن بۆ بەرگرییکردن لە عەفرین و پاراستنی لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، بەڵکو، لەکاتێکدا بە هەزاران کوردستانیی لە چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات و دۆستانی کورد لە وڵاتانی جیا جیاوە سەردانی عەفرینیان دەکرد و خۆیان دەکرد بە قەڵغان بۆ پاراستنی، ‘دایک و باوکی شەهید باشوور’یش بەشدارییان لە هەڵمەتە گەورەیەدا کرد و لە مانگی ئازاری ئەو ساڵەدا خۆیان گەیاندە عەفرین.
دوای بینینەوەی مەزاری کوڕەکەیان لە عەفرین، دایک و باوکی شەهید باشوور داوایان کرد، تەرمی ڕۆڵەکەیان ببەنەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی ‘گوندی سمایلاوا’، هەربۆیە لە ڕۆژی ١١ی ئازار، تەرمی شەهید بە مەراسیمێکی گەورە لە عەفرین بەڕێکرا بەرەو جزیرە.
ڕۆژی ١٣ی ئازار، تەرمی شەهید گەیشتە سەر سنووری ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، لە دەروازەی سێماڵکا، دوای ئەنجامدانی مەراسیمێکی گەورەی سەربازیی، تەرمی شەهید ڕوانەی باشوور کرایەوە.
لە باشووری کوردستان لە شارۆچکەی سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و وڵاتپارێزان، ئەندامانی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد.
بە سەدان کەسیش لە شاری هەولێر لە چاوەڕوانی گەیشتنی تەرمەکەیدا بوون، لەگەڵ گەیشتن بە شاری هەولێر، پێشوازییان لێکرد، دواتر بە مەراسیمێکی شکۆدار لە گۆڕستانی سمایلاوا لە زێدی لەدایکبوونی، بەخاک سپێردرا.
لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبونیدا، هادی عومەر باوكی شەهید باشور دەڵێت: شەهید باشوور پێش ئەوەی بچێتە شاخ خاوەن هەڵسوكەوتێكی جیاواز و تایبەت بوو، نەمدەزانی ئەو جۆرە سورشتە جوانەی لە كوێوە هێنابوو، پەیامی شەهید باشوور نەهێشتنی سیستمی زوڵم و زۆرداریی و ئازادكردنی چوار بەشی كوردستان بووە.
دەشڵێت: میللەتی كورد بەس خیانەتی لەناودا نەبێت سەردەكەوێت، هەرچی تر هەبێت بەسەر دەچێت و نامێنێت بەس خیانەت نەبێت.
“شانازیی بە شەهید باشوور و ئەوانەی دەكەم كە لەو ڕێگایەدا شەهید دەبێت، داوا دەكەم هەموو كەسێك بەرگریی لە خاك و میللەتی خۆی بكات، لەبەرئەوەی ئەگەر خاك و نیشتمانمان نەبێت كەس نامانخوێنێتەوە” باوكی شەهید باشوور وای وت.
مام هادی دەشڵێت: ماڵی دنیا هیچ سەنگێكی نییە بۆمن تەنها ئەوەندەی پێم دەڵێن باوكی شەهید باشور ئەوە سەروەرییەكی گەورەیە بۆ من و شانازی پێوەدەكەم، مادام كوڕی من لە ڕێگای خاك و نیشتمان و میللەتەكەی خۆی شەهیدبووە سەروەرییەكی گەورەیە.
وەك خۆی دەڵێت: هەموو گەنجانی نیشتمان بە كوڕی خۆی دەزانێت و وتی: ڕۆژێك دێت ئەوانیش دەست بە تێكۆشان دەكەن، تێكۆشانیش هەر ئەوە نییە چەك لەشان بكات، ڕێگای خەبات زۆرە.
باوكی شەهید باشوور وتیشی: هەر شوێنێکی نیشتمانەکەمان داگیربكرێت كورد لەو ناوچەیە هیچ ئەهمێتێكی نامێنێت و زوڵمی لێدەكرێت، بۆیە ئامادەم بە خۆم و كوڕەكانمەوە دژی داگیركاری ببمەوە و ئەوەیش دژی داگیركاری بێت من خزمەتكاری دەكەم.
ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ؛باشوور سۆران’دا تێدەپەڕێت.
س.س