شەوچەرە تایبەتمەندیی دەداتە دانیشتنی شەوانی گوند

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گوندەکانی کوردستان، ئامادەکردنی شەوچەرەی تایبەتە بۆ شەوانی دوورودرێژی زستان و لەدەوری یەک کۆبوونەوەیان، هەنجیر، مێوژ، گوێز و بادەم، نمونەی شەوچەرەکانن.


شەوێک سەردانی ماڵی دایە عاسیە و مامە ئەحمەد-مان کرد لە گوندی گوڵان، کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شارەدێی سەرکەپکان-ی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و بە شەوچەرە بەتام و چێژەکانیان پێشوازییان لێکردین.

عاسیە ئیسماعیل، هەر لە وەرزی هاوینەوە چەندین جۆر میوەی وشککردووەتەوە بۆ وەرزی زستان و هەندێکیشی بەجۆرێک هەڵگرتووە، کە تا ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە بێ ئەوەی خراپ ببن.

مێوژ، ستووکە هەنجیر، بەهێ، هەرمێ، هەنار و سێو نمونەی ئەو جۆرە میوانەن، ئەمە جگە لە بادەم و گوێز، گوڵەبەڕۆژە و چەندین جۆر چەرەسی دیکە.

شەوچەرەکەی دایە عاسیە، چێژێکی زۆری بەدانیشتنەکەمان دا، بەدەم خواردنی بادەم و مێوژ و هەنجیر و چەندین جۆر شەوچەرەی دیکەوە لەبەردەم سۆپای داردا، ئەحمەد قادر و عاسیە ئیسماعیل باسی ساڵانی ڕابردوویان بۆ کردین.

ئەگەرچی ئێستاش لە گوندەکاندا کاری هەرەوەزیی و پێکەوەیی ماوە، بەڵام دایە عاسە و مام ئەحمەد دەڵێن، کە ئێستا ئەو هاوکارییە کەمبووەتەوە لەچاو جاراندا.

ئێستاش زۆربەی شەوان گوندنشینان سەردانی یەکتر دەکەن و شەوان بە یاری کۆنی کوردەواریی و قسەی خۆش بەڕێدەکەن، بەڵام وەک ئەو خێزانە باسی دەکەن بەراورد بە ڕابردوو کەمبووەتەوە.

ش.ف