شەڕڤانێکی ڕۆژهەڵاتیی لە ڕۆژئاوا شەهیدبوو، لە باشور پرسەی بۆ دانرا

لە ڕانیە پرسە بۆ شەڕڤانێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوو بوو.


ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، پرسەی شەهید جەمال مرادی ناسراو بە 'ڕونی جوانڕۆ'، بەڕێوەچوو، کە خەڵکی شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو، لە ٩ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوو.

لە پرسەکەدا، بێریتان جوانڕۆ لە سەر ناوی بنەماڵەی شەهید بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و وتی: گەلی کورد بۆ گەیشتن به مافی ڕەوای خۆی ڕۆڵەکانی پێشکەش کردووە، ئەمڕۆش دیسان گوڵێکی دیکە لە ڕێگای ئازادییدا پەیوەست بە کاروانی شەهیدان بوو، دڵنیاین داری ئازادی بە خوێنی گەشی شەهیدان پاراو دەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەر دەگرێت.

وتیشی: پەیمان بە ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان دەدەین، کە تا گەیشتن بە ئازادیی و تێکشکاندنی دیواری ئیمراڵی بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی شەهیدان.

هەروەها، زاگرۆس سنە، لەسەر ناوی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی کۆدار قسەی کرد و تیشکی خستە سەر کەسایەتیی و تێکۆشانی شەهید ڕونی، کە هەموو هیوا و ئامانجەکانی خۆی لە تەڤگەری ئاپۆییدا دیییەوەتەوە و بە باوەڕێکی بەهێزەوە بەشداری ئەو تێکۆشانە بووە،

 وتیشی: ئێمە هەمیشە قەرزداری خوێنی شەهیدانین و بەڵێن دووپات دەکەینەوە تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی شەهیدان، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و خەبات بەهێزتر دەکەین.

دواتر جوتیار پێشەوا، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی کۆدار قسەی کرد و ڕایگەیاند: دەست درێژی بۆ سەر خاکی پیرۆزی کوردستان لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بەردەوامە، لە هەمانکاتدا دەستکەوتی گەورەش هەن لە هەر چوار پارچەی وڵاتدا، کە لە سەر خەت و ڕێبازی ئاپۆیی بەڕێوە دەچێت، ئەو دەستکەوتانەش کە بە دەست خراون بەرهەمی ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ و خوێنی شەهیدانە.

جوتیار پێشەوا، بە ئەرکی سەر شانی هەر تاکێکی کوردی زانی، کە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە، هاوشێوەی شەهیدان سنوورەکان تێکبشکێنێت و بەشداری تێکۆشان ببێت.

پرسەی شەهید ڕونی جوانڕۆ، سبەینێش لە ماڵی براکەی لە ڕانیە بەردەوام دەبێت.

 

ش.ف