شەیمای مانگر چۆن ڕۆژەکانی تێدەپەڕێنێت؟

شەیما عەدنان، ئەو ژنە گەرمیانییەی دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بۆ ماوەی مانگێک مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە، ڕۆژانە لەگەڵ مانگرتنەکەیدا چالاکانە ڕۆڵی خۆی وەکو چالاکوانێک دەگێڕێت و بەشداریی چالاکییەکانی تایبەت بە ژنان و پرسە نەتەوەیی و مرۆییەکان دەکات.


شەیما عەدنان، کارمەندی تەندروستی و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاریی سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و ئەمڕۆ ١٠ ڕۆژە مانی لە خورادن گرتووە و بڕیاریداوە چالاکییەکەی بۆ ماوەی مانگێک بەردەوامیی پێبدات.

مانگرتنەکەی شەیما لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە مانگرتنەدایە، کە بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە ١٢٥ ڕۆژە دەستیپێکردووە، ئەویش بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان.

 

دوای ئەوەی ١٧ ڕۆژ بەر لە ئێستا هەرێم مەحمود، کە ئەندازیارێکی گەرمیانە مانگرتنی بێسنووری ڕاگەیاند، ماوەی ١٠ ڕۆژیشە شەیما عەدنان لە هەمان ناوچە دەستی بە مانگرتن کردووە.

شەیما عەدنان،  جێگایەکی تایبەتی دەستنیشان نەکردووە، کە بەرەدوام تێیدا بمێنێتەوە، بەڵکو ڕۆژانە لەگەڵ مانگرتنەکەیدا هاوشێوەی پێشووتر، کار و چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بارودۆخ و چۆنیەتی بەسەربردنی ڕۆژەکانی ژیانی و چالاکییەکەی، وەکو ئاژانسی ڕۆژنیوز لە بەیانییەکی زوودا چووینە ماڵیان و ڕۆژێکمان لەگەڵیدا بەسەربرد.

شەیما سەرەتای ڕۆژێکی نوێ دوای ئەوەی لەخەو ڕابوو، یەکەم کار کە دەستی بۆ برد کتێب خوێندنەوە بوو لەو بارەیەوە وتی: ئەمڕۆ وەکو هەر ڕۆژێکی تر بە هێز و ورەیەکی زۆرەوە هەستاوم، باشترین کار لە بەیانیاندا کە ئەنجامی بدەم خوێندنەوەی کتێبە، بۆیە هەموو ڕۆژێکی نوێم بە خوێندنەوەی کتێب و بیر و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەستپێدەکەم.

دواتر شەیما دەچێتە ناو کۆڕ و چالاکیی تایبەت بە پرسی ژنان و پرسە نەتەوەیی و مرۆییەکان، ئەو ڕۆژەی ئێمە لەگەڵ شەیما بووین، فستیڤاڵێکی تایبەت بە پیرۆزکردنی ڕۆژی جیهانیی ژنان هەبوو، شەیماش خۆی ئامادەکرد و بەرەو فستیڤاڵەکە بەڕێکەوت.

لەگەڵ شەیما عەدنان چووینە فستیڤاڵەکە و تا کۆتایی چالاکییەکە ماینەوە، نیوەی ڕۆژەکە دەربازبوو، دەمانەوێت بزانین دوای گەڕانەوەی لەو چالاکییەدا، نیوەی دووەمی ڕۆژەکەی چۆن و بەچی بەسەر دەبات.

دوای گەڕانەوەمان و پشوویەکی کورت، میوان و سەردانیکەرانی، بۆ پاڵپشتیکردنی و ئاشنابوونیان لە نزیکەوە بە چۆنیەتی و ئامانجی چالاکییەکەی، گرووپ گرووپ سەردانیان دەکرد و سەبارەت بەم بابەتەش ئەو چالاکە مانگرتووە وتی: ڕۆژانە لە ماڵەکەی خۆمدا چالاکوانان و ئازادیخوازان و خزم و هاوڕێیانم دێن سەردانم دەکەن، هاتنی ئەوان هێز و ورە و مەعنەوێتێکی گەورەیە بۆ من و وام لێدەکات سورتربم لەسەر چالاکییەکەم.

نیوەی دووەمی ڕۆژەکەی، بەرەو کۆتایی دەچێت، هەر بۆیە لێمان پرسی ئایا هیچیتر ماوە بۆ ئەمڕۆ ئەنجامی بدەیت؟ لە وەڵامدا وتی: ڕۆژانە بەگوێرەی دەرفەت و کات، لەگەڵ هەرێم مەحمود-دا سەردانی یەکتر دەکەین، بۆ پاڵپشتیکردن لەیەک و بەخشینی هێز و ورە و ئیرادە بەیەکتر و هەڵسەنگاندن و باسکردن لە دۆخی ئێستای گەلی کورد و چالاکییەکانی دژ بە گۆشەگیریی و لەو چوارچێوەیەشدا ڕای جیاواز دەگۆڕینەوە.

پێکەوە سەردانی هەرێم مەحمود-مان کرد، هەردوو چالاکی مانگرتوو گفتوگۆیەکی گەرمیان دەربازارەی ڕەوشی ئێستای کوردستان کرد و لە رەوشی یەکتر و مانگرتوانی دیکەیان پرسییەوە.

دواتر چووینەوە ماڵی شەیما و دوای پشوویەک، شەیما لاپتۆپەکەی کردەوە و وتی: کاتەکانی شەوانەم بەزۆری تەرخانکردووە بۆ تەماشاکردنی فیلم و ڤیدۆ و ئەرشیف بۆ نمونە فیلمی ١٤ی تەمموز و وتار و لێدوانەکانی ڕێبەر ئۆجالان و دۆکیۆمێنتاری تایبەت.

شەیما عەدنان بەم جۆرە و بە ورەیەکی بەرزەوە ڕۆ تێدەپەڕێنێت و بەرەدوامیی بە مانگرتنەکەی دەدات.

ش.ف