پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق ڕایگەیاند، عێراق پێویستی بە حكومەتێكی بەهێزە بۆ ئەوەی بتوانێت سەروەریی و شكۆمەندیی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و لە بەرامبەر دەستتێوەردان و بۆردوومانەكانی توركیا بووەستێتەوە.
عەلی فەتلاوی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە ڕۆژنیوزی وت: عێراق پێویستی بەحكومەتێكی بەهێزە بۆ ئەوەی بۆردومانەكانی توركیا لە باكوری عێراق ڕابگرێت، توركیا سود لە لاوازی بەغدا وەردەگرێت بۆ ئەوەی بچێتە ناو باكوری خاكی عێراق.
فەتلاوی وتیشی: داگیركارییەكان لەلایەن ئەمریكاوە دەستیپێكرد و بوونی ئەمریكا و توركیا لە عێراقدا دوو ڕووی یەك دراون، كە دەبێت ڕوبەڕوویان ببنەوە، هەرچەندە حكومەت خۆی دوربخاتەوە لە گەل، ئەوا توركیا زیاتر نزیك دەبێتەوە لە كۆنترۆڵكردنی عێراق.
دەشڵێت: دۆخی ئاسایشی ناوخۆی عێراق لە بەرامبەر پێشەلكارییەكانی توركیا لاوازە، جوڵەی ئەمریكا و توركیا لە ناو عێراقدا ڕێكخراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ كۆنترۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتنی خاكی عێراق.
باسی لەوەشكرد،سنوری نێوان عێراق و توركیا شاهیدی ئەو بوردومانە قورسانەن، كە دوو ڕۆژە بە بەردەوامی دەكرێتە سەر خاكی عێراق، سنوری پارێزگای دهۆكی كردووەتە ئامانج و دانیشتوانەكەی تیرۆر دەكات.
س.س