عەبدوڵای کوێخا موبارەک: تەنها یەکگرتوویی ئەم گەلە ڕزگار دەکات

عەبدوڵای کوێخا موبارەک ڕایدەگەیەنێت، کە "تورکیا زۆر خراپ دەستی ناوەتە بیناقاقای گەلی کورد لە باشور بەتایبەتیی، داگیرکاریی تورکیا تەنیا ڕووە سەربازییەکەی زەقە و باسی لێوەدەکرێت، بەڵام لەزۆر ڕووی دیکەوە داگیرکاریی دەکات"، دەشڵێت:"تەنها یەکگرتوویی دەتوانێت ئەم گەلە ڕزگار بکات".


عەبدوڵای کوێخا موبارەک، کەسایەتیی دیاری سنووری چەمچەماڵ و باشوری  کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوز-دا تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئێستای کوردستان و مەترسییەکانی سەری، هەروەها چۆنەیتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە.

-قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی هێزی چەتەکانی داعش بۆ کورد و دۆخی ئێستای کوردستان بەگشتیی چۆن دەبینی؟

 

"مەترسییمان لەسەرە"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان و بەهۆی ئەوەی وڵاتانی دراوسێ هەریەکە و پارچەیەکی کوردستانیان لایە بەردەوام تموحیان لەسەر کوردستانە، بۆیە کوردستان لە بارودۆخێکی جێگیردانییە، بەرەو ئارامیی ناچین و فشاری زۆر و مەترسییمان لەسەرە، بەڵام بێئومێد نین، چونکە زۆر ستەم بەرامبەرمان کراوە و ئەم گەلە هەر زیندوێتیی ماوەتەوە.

-کێ مەترسیی لەسەر کوردستان دروست دەکات؟

" تورکیا زۆر خراپ دەستی ناوەتە بینا قاقای گەلی کورد"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: تورکیا زۆر خراپ دەستی ناوەتە بینا قاقای گەلی کورد لە باشور بەتایبەتیی، داگیرکاریی تورکیا تەنیا ڕووە سەربازییەکەی زەق و دیارە و باسی لێوەدەکرێت، بەڵام لەزۆر ڕووی دیکەی وەک دابونەریت، کلتور، هونەر، میدیا و ئابوورییەوە داگیرکاریی دەکات، لەم وڵاتەدا سیاسەتێکی وا پەیڕەودەکات، خەریکە دابونەریتی ئێمە خراپ دەکات، بۆی لەناونابرێت بەڵام خراپی دەکات، بۆیە نابێت هیچ تاکێکی کورد وا بیربکاتەوە تورکیا تەنیا دژایەتیی باکوری کوردستان دەکات.

-دەوڵەتی تورک ئەو هەموو داگیرکارییە لەسەر باشوری کوردستان بەڕێوەدەبات، بەڵام حکومەتی هەرێم بێدەنگە، بۆچی؟

"بازرگانیی ژێربەژێریان لەگەڵ تورکیا هەیە"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: ئەمە دوو لایەنی هەیە، لایەنێکی ئەوەیە کە ئەو حزبانەی قۆرغی دەسەڵاتیان کردووە لەباشور، بازرگانیی ژێربەژێر و شەراکەتیان لەگەڵ حکومەتی تورک هەیە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان چاوپۆشیی لەو داگیرکارییانە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی ناو ماڵی کورد دەکەن، لایەنێکی تر ئەوەیە، کە ئێمە بەرهەمی ناوخۆمان نییە و پشت بە تورکیا دەبەستین، ئەمەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرپرسە حکومڕانانەی ئەم وڵاتە، کە گرنگییان بە بەرهەمی ناوخۆ نەداوە.

-بەپێچەوانەی بۆچوونەکەی تۆ، حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان دەڵێن، کە ئێمە حزبی نەتەوەیین و هەڵوێستی نەتەوەییمان هەیە؟

"هیچ هەڵوێستێکی نەتەوەیی نابینم"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: من هیچ هەڵوێستێکی نەتەوەیی نابینم، کاتێک بەرپرسێک بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و حزبەکەی لە بەرچاوگرت و دەستی لەگەڵ دەوروبەردا تیکەڵکرد، هیچ بابەتێکی نەتەوەیی ناهیڵێتەوە، ئەگەر نەتەوەیی بێت، دەبێت ئەوەی هەیە بەیەکسانیی دابەشی بکات بەسەر خەڵکدا، وەک سەرۆک خێزانێک بۆ ئەندامانی خێزان، بەڵآم ئەگەر بەرژەوەندیی تایبەت لەبەرچاوگیرا، هەڵوێستی نەتەوەیی تەنیا بانگەشە دەبێت بۆ فریودانی خەڵک.

-لە شیلادزێ هاوڵاتیان خۆیان دژ بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک وەستانەوە و دەستیان بەسەر سەربازگەکەیاندا گرت، بەڵام ئاسایش بە دەستگیرکردن سزای دان، ئەمەش هەر لەچوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییانەدایە؟

"تەنها بەرژەوەندییە تایبەتییە ژێربەژێرەکانە"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: هەمووکات پاساویان ئەوەیە، کە دۆخی هەرێمی کوردستان ناجێگیرە و ڕەنگە ناکۆکیی دروست ببێت و دەرگاداخرێت بەڕووی ئەم هەرێمەدا، بەڵام من بڕوام بەوەنیە وە بڕاشم وانیە دەوڵيتی تورک بڵێت ئەگەر ڕووبەڕوومان ببنەوە دەرگا دادەخەین و پەلامارتان دەدەین، ئەمە تەنها بەرژەوەندییە تایبەتییە ژێربەژێرەکانە، تەنها بە تەلەفۆنێک بەرپرسانی باشور ئادگاداردەکاتەوە و دەڵێت، کە من ئەومەڵە و بازرگانیەت لەگەڵكدا ناکەم ئەگەر کێشەمان بۆ دروست بکرێت.

-کورد چۆن ڕووبەڕووی هێرش و مەرسییەکان ببێتەوە؟

"بە یەکگرتوویی"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: تەنیا بە یەکگرتووی دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببینەوە، کە حکومەتی تورکیا دەیکاتە سەر کوردستان.

-کەنەکە زۆر هەوڵی بۆ ئەم یەکگرتووییە دا، بەڵام هەنگاوەکانی نەگەشتنە ئامانج بۆچی؟

"مەرجەکانی کۆنگرەیان پێ جێبەجێ ناکرێت"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: گرنگە هەموو لایەن و حزبەکانی کوردستان و کەسایەتییە سیاسیی و ڕۆشنبیریی و ئایینییەکان لەژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا کۆبکرێنەوە، بەڕای من ئەم کۆنگرەیە یەکەم هەنگاوە بۆ ڕزگاربوونی گەل و نەتەوە و نیشتیمانێک، ئەگەر هەموو پارچەکان یەکگرتوو نەبن، بەڵام ئەم کۆنگرەیە مەرجی خۆی هەیە، بەنمونە دەبێت خاڵەکانی ئەم کۆنگیە ئەوەبێت، کە ناکرێت نوێنەری لایەنێک یان کەسایەتیەکی دیاری ئەم کۆمەڵگایە ئەندامبێت لەم کۆنگرەیە و خیانەتی نشتیمانیی بکات، یاخود ڕێزی لە ئیرادەی خەڵک نەگرتبێت لەکاتی هەڵبژاردن و خۆپیشانداندا و زوڵم و ستەم لە خەڵک بکەیت،  چونکە هەر ئەو خەڵکەیە ئەو نەتەوەیە پێکدەهێنن، کە ڕێزت لە ڕا و ئیرادەی نەگرتووە، ئەگەر باسی باشوری کوردستانب بکەین، لە باشور دوو حزب هەن، کە زۆر لەکەی خیانەتی نیستیمانی یاخود ڕێزنەگرتن لە ئیرادەی خەڵک-یان پێوەیە، ئەمە وایکردووە، بۆیە ئەو حزبانە دەزانن کە ئەوان کەرەستەی ئەو کۆنگریە نین و ئەو مەرجانەیان تێدانییە، بەدڵنیایەوە بۆیە بەناوی تر و بە پاساوی تر ئاستەنگیی بۆ دروست دەکەن و نایەڵن سەربگرێت.

-لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی باشوری کوردستان، کە بە پێشەنگایەتیی کەنەکە بەڕێوەچوو، بۆچوونێک هەبوو، کە ئەگەر هەموو لایەنەکانیش بەشداریی لە کۆنگرەی نەتەوەییدا نەکەن، ئەو کۆنگرەیە هەر ببەسترێت، بۆچوونی تۆ چییە لەم بارەیەوە؟

"من زۆر لەگەڵ ئەوەدام"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: من زۆر لەگەڵ ئەوەدام، ڕای من وایە کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان بریتی نەبێت لە یەک نەتەوە بریتی بێت لە هەموو خەڵکی ڕەسەنی ئەم کوردستانە و هەر پێکهاتەیەکی تری وەکو تورکمان و عەرەب کە لێرەدایە، هەموو حزبێک بۆی هەبێت نوێنەری هەبێت، هەموو کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان بتوانن ئەندام بن، بەڵام بە مەرجێک بەلایەنی کەمەوە خیانەتی نیشتیمانی نەبێت و ڕێزی لە ئیرادەی خەڵک گرتبیت و یاری بە پیرۆزییەکانی خەڵکەوە نەکردبێت لەم وڵاتەدا، ئەو کەسانەی بەشدارنابن ڕەنگە ئەو تایبەتمەندییانەیان تیدا نەبێت، شوێنێکی پیرۆزی وەک کۆنگرەی نەتەوەیی جێگایی ئەوان نییە، ئەگەریش بەشدار بن، دەبێت مەرجیان بۆ دانرێت، کە ئەو هەڵانە دووبارەنەکەنەوە.

-بۆچی پێتوایە، کە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەوەندە گرنگ و پیرۆزە؟،

"تەنها یەکگرتوویی دەتوانێت ئەم گەلە ڕزگار بکات"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: ئێمە لەسەرەتاوە وا ترسێنراوین، کە ئەگەر ئەم پارچەیە بەرگریی لە پارچەیەکی تربکات، ڕەنگە تووشی کێشە و هەڵوەشانەوە ببێت، بەڵام من بە هیچ شێوەیەک ئەوە بەڕاست نازانم، تەنها یەکگرتوویی دەتوانێت ئەم گەلە ڕزگار بکات، ئەم یەکگرتوویەش دەبێت چەترێکی هەبێت، وابکات کە هەموو ئەندامەکانی پابەندبن بە بڕیارەکانییەوە، نەک هەر حزب و کەسێک بەلای خۆیدا ڕای بکێشێت و دیسان دووبەرەکیی و لێکترازان دروست ببێتەوە، ئەو چەترەش من پێموایە گۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە و باشترینە.

-لەدەرەوەی حزب، کەسایەتییەکان، ڕۆشنبیران، کەسانی ئاینیی، دەتوانن ڕۆڵێکی چۆن ببین بۆ بەستنی کۆنگرە؟

"پێگەی ئەوان لە حزب گرنگترە"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە کوردستانی خۆماندا کەسایەتیی کۆمەڵایەتی هەیە، کە هێندەی حیزبێک پێگەی لە سنوورێکدا بەهێزە، دەتوانێت ئەو پێگەیەی خۆی بەکار بێنێت بۆ یەکگرتن، کەسایەتی ڕۆشنبیری وامان هەیە کە نووسینێکی ڕای جەماوەر دەگۆڕێت، کەسایەتی دینییش هەیە کە دەتوانێت لە مینبەرێکەوە و لەڕێگای وتارێکەوە ڕای خەڵک بهێنێت بەلای یەکگرتندا، ئەوان زۆر گرنگترن لە حزب.

-پەیامێکی تایبەتت هەیە بۆ ئەو کەسایەتییانە؟

"هەوڵی یەکگرتن بدەن"

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: پەیامی من ئەوەیە، کە هەر دانەنیشین ئەگەر تاک تاکیش بێت، لە شوێنەکانی خۆیانەوە هەوڵی یەکگرتن بدەن، بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بکەن بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی.

 ش.ف